دوێنێ ئێوارەی پێنج شەممە لەسەر رێگای سلێمانی تاسلوجە ئۆتۆمبیلێک خۆی دەدات بە ستونێکی سەر رێگاکەداو لە ئەنجامدا چوار منداڵ و نەوجەوان گیانیان لەدەستداوە.
پۆلیسی هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاند " ئوتومبێلێکی جۆری سێنترا ـ تایبەت بە هۆی تیژڕەوی و لە دەست دانی کۆنتڕۆڵ، لە ڕێگاکە دەرئەچێت و خۆی ئە کێشێت بە ستونی ڕووناکی ناوەڕاستی ڕێگاکە، بەداخەوە زیانی گیانی ڕووداوەکە ٤ گیان لە دەست دان و ٤ برینداربووە".
لەو رووداوەدا، ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە چوار منداڵ و نەوجەوانن، تەمەنیان پێنج ساڵان، هەشت ساڵان، نۆ ساڵان و ١٥ ساڵان بووە.
ژمارەی ئەو کەسانەی برینداربوون چوار کەسن دوو منداڵ و دوو ئافرەتن کە ئافرەتێکیان شۆفێرەکەیە.
دەربارەی ژمارەی ئەو سەرنشینانەی لەنێو ئۆتۆمبیلەکەدا بوون، ٨ کەس بووە، کە بە وتەی بەڕێوەبەری هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی زیاد لە توانای ئۆتۆمبێلەکەیە و هۆکاری زۆری ژمارەی گیان لەدەستدانە لەو رووداوە.