لەمساڵدا لە هەرێمی کوردستان ١٧٠ حاڵەتی دەسدرێژی سێكسی تۆماركراوە

چالاكوانێكی مافەكانی ژنان و منداڵان رایدەگەیەنێت" لەمساڵدا ١٧٠ حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵانی تەمەن ٤ ساڵ تاكو كەسانی تەمەن ٢٩ ساڵ تۆمارکراوە". 

 

ئەمەل جەلال هەڵسوڕاو و چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان و منداڵان بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند" دەستدرێژی سێکسی بۆسەر منداڵان بە پێی دواین ڕاگەیەنراوی پزیشکی دادوەری لە هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ئەمساڵ تاکو ئێستا ١٧٠ حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی تۆمارکراوە و لێکۆڵینەوەی تێدا کراوە کە لە ناویاندا تەمەنەکانی چوار ساڵ بۆ ٢٩ ساڵ هەیە کە زۆرینەیان مێینەن". 

ئەمەل جەلال ئاماژەی بەوەشکردووە" دروستبونی ئەو حاڵەتانەش دەگەڕێنێتەوە بۆ چەند هۆکارێك کە ڕەنگە سەرچاوەیەک بن بۆ دەستدرێژی کردنە سەر منداڵان لەوانە فەرامۆشکردنی منداڵان لەناو خێزانەکانیان و خستنە بەر کاریان لە ناو بازاڕ و سەر شەقامەکان، هۆکارێکی تریش ئەوانەی لەلایەن خێزانەکان خۆیانەوە ڕووبەڕوی دەستدرێژی دەبنەوە ئەوانەن کە دایکیان لە دەستداوە یاخود باوە ژنیان هەیە کە مامەڵەی دروستیان لەگەڵدا ناکرێت لەلایەن نزیکەکانیانەوە ڕووبەڕوی دەستدرێژی دەبنەوە، کەوایە منداڵان تەنها لە دەرەوە توشی ئەو مەترسیانە نابنەوە بەڵکو لەناو خێزانەکانی خۆشیان دەستدرێژیان دەکرێتە سەر". 

سەربارەت بە ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی منداڵان و منداڵ پارێزی وتی" ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە ناو خۆی هەرێمی کوردستادا بەردەوام لە هەوڵدان و کاریان کردوە بۆ پاراستنی مافەکانی منداڵان لە هەر بارودۆخێکدا بۆ ڕووبەڕوبونەوەی ئەو جۆرە حاڵەتانە". 

هەروەها دەشڵێت" هۆشیارکردنەوەی تاک و کۆمەڵگە کە چۆن بتوانن هەست بە بەرپرسیاریەتی بکەن لە ئاست کارە نەشیاوەکانی لەم جۆرە کاتێک ئەبینێت پارێزگاری بکەن یاخود لایەنی بەرپرس ئاگاربکەنەوە، گوتیشی هەموو ئەو هەنگاوانە نراون بەڵام وەکو پێویست نەچۆتە پێشەوە و هێشتا کاریگەریەکی گشتی لەسەر تاک و کۆمەڵگە دروست نەکردوە بۆیەش ئەو حاڵەتانە دەبینین و دەبیستین هەر وەک ئەوەی لەم چەند ڕۆژەی دواییدا بینیمان منداڵێکی تەمەن 10 ساڵان لەلایەن کەسوکارەکانیەوە دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر". 



PM:03:02:26/09/2020