تەندروستی سلێمانی هۆشداری دەدات
"سەرجەم نەخۆشخانەكان پڕبوونەوە لە نەخۆشی كۆرۆنا"

وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندرووستی سلێمانی هۆشداری بە هاوڵاتیان دەدات و ڕایدەگەیەنێت" لە ئێستادا شوێن نەماوە لە نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کۆرۆنا".

 

ئەمڕۆ یەكشەممە د. یاد نەقشبەندی، وتەبێژی تەندروستی سلێمانی لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك بڵاوی كردووەتەوە، هاوڵاتیانی خۆشەویست، تکا ئەکەم زیاتر پابەندی رێنماییە تەندروستیەکان بن، چونکە لە ئێستادا شوێن نەماوە لە نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کۆرۆنا.

 

ڕۆژی ٢٥ی ئەم مانگەش د. شاناز نەقشبەندی، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەڵەبجە لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەکرد، بە هۆی پڕبوونی قاوشەكانی كۆرۆنا لە ھەردوو نەخۆشخانەی وەفا و بەركەوتووانی چەكی كیمیایی، بە داوای لێبووردنەوە لە ئێستادا ئەو نەخۆشانەی لە دەرەوەی سنوری ئیدارەی پارێزگای ھەڵەبجەن لەوەرناگیرێن.

 

وتیشی" تەنها ئەو نەخۆشانەی دەرەوەی سنوری هەڵەبجە وەردەگیرێن، كە لە ڕێگەی فۆڕمی ڕەوانەكردنی نەخۆش و بە ئاگاداری بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندرووستی سنوورەكەیان وەردەگیرێن لە سەنتەرەكانی كۆرۆنا لە پارێزگای ھەڵەبجە". 

 

بە گوێرەی دواین ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی هەرێم تا ئێستا لە شاری سلێمانی ١٥ هەزار و ٦٧٢ توووشبوو تۆماركراون و لە نێویاندا ٨٤٠ كەس گیانیان لەدەستداوە نۆ هەزار و ٩٦٢ تووشبوو لە ژێر چاودێریدا ماونەتەوە. 



AM:09:32:27/09/2020