سەرۆكایەتیەكانی عێراق: هیچ لایه‌نێك مافی راگەیاندنی حاڵه‌تی جه‌نگی نییه‌

بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ یەكشەممە لە كۆشكی بەغداد، میوانداری کۆبوونەوەی سه‌رۆکایه‌تییه‌کانی عێراق کرد، کە مستەفا كازمی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و محەممەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و فائق زیدان سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری ئامادە بوو، لە كۆبوونەوەكەدا دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسی و لێكەوتە مەترسیدارەكانی  بۆ سه‌ر عیراق تاوتوێ كران و دواتر لە راگەیەندراوێكدا رایانگەیاند" هیچ لایه‌نێك مافی راگەیاندنی حاڵه‌تی جه‌نگی نییه‌".

 

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لە كۆبوونەوەكە جەختکرایەوە كە پەرەسەندنە ئەمنییەكانی ئەم دواییە و بەئامانج گرتنی بنكە و بارەگا مەدەنی و سەربازییەكان، و بەردەوامی تیرۆر و رفاندنی چالاكوانە مەدەنییەكان، مەبەست لێی بەئامانج گرتنی عێراق و سەرورەی خاكەكەی و پڕۆژە نیشتمانییەكەیەتی كە حكومەتی ئێستای عێراقی لەسەر دامەزراوە بۆ بەدیھێنانی سەقامگیری و پاراستنی شكۆی دەوڵەت و رێخۆشكردن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پێشوەختی دادپەروەرانە، ئەمە جگە لەوەی زیان بە ناو و ناوبانگی عێراق و پەیوەندییە دەرەکییەکانی دەگەیەنێت.

 

لە كۆبوونەوەكە باس لەوەکرا هەڵویستەكان یەكبخرێن و رێزەكانی گەلی عێراقیش تۆكمەتر بكرێت، تاوەكو بەر بە لێكەوتەكانی ئەو پێشهاتە نەخوازراوانە بگیرێت، ئەو رێوشوێنانەش بگیرێنەبەر كە دەتوانن سەقامگیری ئەمنی بۆ عێراق فەراهەم بكەن. 

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە كۆبوونەوەكەدا پشتیوانی بۆ كۆششەكانی حكومەتی عێراق تەئکیدکرایەوە لەوەی چەك تەنها بە دەست دەوڵەتەوە بێت، ڕێگری بكرێت لە بەئامانجگرتنی نێرە دبلۆماتییەکان کە پاراستنیان لە ئەستۆی حكومەتی عێراق دایە.

 

سەرۆکایەتییەکانی عێراق جەختیانكردەوە، كە عێراق لە حاڵەتی جەنگدا نییە، جەنگی عێراق تەنھا دژ بە تیرۆرە، لەو بوارەشدا گەلی عێراق و سەركردە و هێزە سەربازی و ئەمنییەكانی قۆناغێكی دوور و درێژیان لە خەبات و تێكۆشان لە زاڵبوون بەسەر تیرۆر و تیررستاندا بڕیووە.



PM:11:25:27/09/2020