بەهۆی کیشەی سووتانی دارەکانەوە
ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی نەیتوانی کۆبوونەوە گرێبدات

بڕیاربوو ئەمڕۆ چوارشەممە 30ی ئەیلول ئەجومەنی پارێزگای سلێمانی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە سووتانی دارستانەکانی گۆیژەو رێگای تاسلوجە ئەنجام بدات، زۆرینەی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا بەهۆی بانگهێشت نەكردنی بەرپرسانی پەیوەندیدارەوە بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کردو، بەمەش کۆبوونەوەکە شکستی هێنا.



لە ڕاگەیەنراوێکی ئەو ئەندامانەدا کە بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کرد، هاتووە "  پێشتر 20 ئەندام لە یاداشتێكدا داوایانكردبوو كە بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەكان بە پرسەكە بانگێشتی ئەنجومەنی پارێزگا بكرێت، بەڵام كارنامەی كۆبوونەوەكە گوزارشتی لە ناوەرۆكی یاداشتەكەیان نەكردووە".

 
ئەمەش هۆکاری ئامادەنەبوونی ئەو ئەندامانەی ئەنجومەن بووە کە بووە هۆی شکستی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی.


بەرامبەر سازنەدانی ئەم کۆبوونەوەیە، ئازاد محەمەد ئەمین، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند " كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ تایبەت بوو بە دوو یاداشت، یەكێكیان یاداشتی لیژنەیەكی كاتی بەدواداچوون بوو لەسەر كێشەی سوتانی دارستانەكانی سلێمانی و یاداشتی دووەمیش لەلایەن ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاوە بوو كە هەردووكیان داوای ئەنجامدانی كۆبوونەوەی ئەنجومەنیان كردبوو".


سەرۆکی ئەنجومەن ئاماژەشی بۆ ئەوە کرد، لیژنەكە بانگهێشتی بەرپرس و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی لەسەر كێشەكە كردووە و ڕاپۆرتێكی لەو ڕوەوە ئامادەكردووە و داوایكرد ئەنجومەن كۆبوونەوەیەك بۆ خستەڕووی ڕاپۆرتەكەیان ئەنجامبدات.


کێشەی سووتانی دارستانەکانی رێگای سلێمانی – تاسلوجە و چیای گۆیژە و ترسی داگیرکردنی ئەو زەویانە لەلایەن بەرپرسان و لەڕێگای کۆمپانیاکانەوە بۆتە پرسێکی هەنووکەیی ئەنجومەن و خەڵکی پارێزگاکە.

 


PM:01:01:30/09/2020