لە سلێمانی ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە زیاد بوونە

وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندرووستی سلێمانی هۆشداری بە هاوڵاتیان دەدات و ڕایدەگەیەنێت" ژمارەی تووشبووان بە كۆرۆنا لە سنوورەکە ڕووی لە هەڵكشان كردووە و پێویستە هاووڵاتییان زیاتر خۆیان بپارێزن". 

ئەمڕۆ پێنجشەممە د. یاد نەقشبەندی، وتەبێژی تەندروستی سلێمانی لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك بڵاوی كردووەتەوە، داواکارین لە هاوڵاتیانی خۆشەویست زیاتر پابەندی ڕێنماییە تەندروستیەکان بن، چونکە لە ئێستادا ژمارەی ئەو توشبوانەی پێویستیان بە نەخۆشخانەیە لە هەڵکشاندایە. 

ڕۆژی ٢٥ی ئەم مانگەش د. شاناز نەقشبەندی، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەڵەبجە لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەکرد، بە هۆی پڕبوونی قاوشەكانی كۆرۆنا لە ھەردوو نەخۆشخانەی وەفا و بەركەوتووانی چەكی كیمیایی، بە داوای لێبووردنەوە لە ئێستادا ئەو نەخۆشانەی لە دەرەوەی سنوری ئیدارەی پارێزگای ھەڵەبجەن لەوەرناگیرێن.

بە گوێرەی دواین ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی هەرێم تا ئێستا  ٤٧ هەزار و ٨١٠ تووشبووی كۆرۆنا تۆماركراون، ٣٠ هەزار و ٦٠٥ كەس چاكبونەتەوە، تا ئێستەیش ١٥ هەزار و ٤٥٦ كەس لە ژێر چارەسەردان و هەزار و ٧٤٩ كەسیش گیانیان لەدەست داوە.
 


AM:09:01:01/10/2020