قەڵادزێ.. دوو برا بە برینداری گەیەندرانە نەخۆشخانە و یەکێکیان گیانی لەدەستدا

لە گەڕەکێکی شاری قەڵادزێ، بەهۆی شەڕی نێوان دوو برا، یەکێکیان کە پێشمەرگەیە گیانی لەدەستدا، تا ئێستاش هۆکاری رووداوەکە ئاشکرا نەکراوە.

 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کاتژمێر 7:45 خولەکی ئەمشەو دوو بریندار کە هەردوکیان بران بەناوەکانی ( ئـ . م . ع ) لەدایک بووی1991 پیشەی پێشمەرگە دانیشتووی قەڵادزێ گەڕەکی هەنارۆک. وە ( ع . م .ع ) لەدایک بووی 1995 پیشەی کاسب دانیشتووی قەڵادزێ گەڕەکی هەنارۆک گەیەندرانە نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ و دوای ماوەیەک یەکێکیان بەناوی ( ئـ . م . ع ) بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

 

پۆلیسی ڕاپەڕین ئەوەشی خستەڕوو: بە وتەی کەسوکاریان ئەو دوو برایە لە ماڵی خۆیان بەهۆکارێکی نەزانراو دەمەقاڵی لەنێوانیاندا دروست بووە و دواتر بۆتە شەڕیان کە هەردوکیان چەکی جۆری دەمانچە و تاپڕیان بەکار هێناوە و تەقەیان لەیەکتری کردووە کە شوێنەواری فیشەک بەسەر جەستەی مردووەکە و شوێنەواری ساچمەش بە سەر جەستەی بریندارەکەوە هەیە.

 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕاشیگەیاندووە، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە بریندارەکە بەڕێکرا بۆ سلێمانی و دوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی تەرمەکەش ڕادەستی کەسوکاری کراوەتەوە، هەروەک دەستیش گیراوە بەسەر هەردوو چەکی بەکارهاتوو، دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە.



PM:09:31:01/10/2020