بارزانی لە ساڵڕۆژی کۆچی دوایی تاڵەبانیدا کوڕەکانی بە برازا ناوزەد دەکات

مەسعود باررزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سێهەمین ساڵیادی کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی برووسکەیەک ئاراستەی ماڵباتی تاڵەبانی دەکات و بۆ یەکەمینجارە کوڕەکانی تاڵەبانی بە " برازای خۆی ناوزەد دەکات".

 
لە پەیامێکدا بەبۆنەی سێهەمین ساڵڕۆژی کٶچی دوایی جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتی یەکێتی و سەرۆک کۆماری عێراق کە ناونیشانەکەی " برازاكانم كاك بافل و كاك قوباد"، بارزانی نووسیوویەتی " لە یادی تێپەربوونی ٣ سال بە سەر كۆچی دووایی برای بەڕێزم مام جەلال لە گەڵ پێشكەش كردنی ڕێز و پێزانینم بۆ دەوری كاریگەری بەڕێزیان لە كاتی خەباتی شۆرشگێڕانە لە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەكەماندا و لە كاتی سەرۆكایەتی عێراق دا وەك یەكەم سەروك كۆماری كورد ئێستا زیاتر لە هەمو كات هەست بە خەسارەتی لە دەست دانی دەكەم".

 
هەروەها نووسیوویەتی "هیوادارم ئێوەش بەردەوام بن لە وەی درێژە بە ڕێگای باوكتان بدەن بۆ بە دی هێنانی خەونی گەلەكەمان و درێغی نەكەن لە پتەو كردنی یەك ڕیزی نیشتیمانی". 

 
بەیانی شەممە ٣ ی تشرینی یەکەم سێ ساڵ بەسەر دامەزرێنەری یەکێتی نیشتمانی کوردستان جەلال تاڵەبانیدا تێدەپەڕێت، یەکێتی بەبۆنەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە بڕیاری دا هیچ مەراسیمێک بۆ ئەو بۆنەیە سازنەکات. 

 


PM:10:54:02/10/2020