لەسەر دواکەوتنی مووچە روونکردنەوە دەدرێت

بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی دواکەوتنی مووچەوە زانیاری بڵاودەکاتەوەو دەڵێت "وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بیری لە دۆزینەوەی رێگاچارەیەکی بەپەلە نەکردوەتەوە بۆ دابینکردنی موچەی فەرمانبەران".


لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بۆ میدیا عێراقییەکان، ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت " لیژنەی دارایی پێشنیازەکانی خۆی بۆ پرۆژەیاسای چاکسازی ئامادەکردوە کە خۆی دەبینێتەوە لە زیادکردنی داهات و تێپەڕاندنی ئەو قەیرانەی ئێستا وڵات پێیدا تێپەڕدەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا پەرلەمان چاوەڕیی ئەو پرۆژەیەی چاکسازیە دەکات کەبڕیارە حکومەت رەوانەی بکات".

 
بڕیاردەری لیژنەی دارایی راشیگەیاندووە" ئەنجومەنی نوێنەران ئامادەیە هاوکاری دەسەڵاتی جێبەجێکردن بکات بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی ، بەڵام وەزارەتی دارایی لەدۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ دابینکردنی موچە پەلە ناکات و روانگەیەکی رونی نیە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی".



لە عێراق لەمانگەکانی پێشوودا لە ١٨ی هەموو مانگێکەوە مووچەی مووچەخۆران دابەشدەکرا، بەڵام ئێستا ٤٥ رۆژە بەغدا نەیتوانیووە مووچە دابەشبکات.
 


PM:04:01:05/10/2020