دادگای ئیتاڵیا پێداچوونەوە بە دۆسیەی مەلا کرێکار دەکات

‌نەجمەدین فەرەج ناسراو بە مەلا کرێکار ئەرشیڤ

خالد ڕەنجدەر برای نەجمەدین فەرەج ناسراو بە مەلا کرێکار رایدەگەیەنێت" بڕیارە دادگای ئیتاڵیا پێداچوونەوە بە دۆسیەی مەلا کرێکاردا بکات". 

خالد ڕەنجدەر لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیویەتی، ئەمڕۆ دووشەممە لە پەیوەندییەکدا بە سکایپ قسەم لە گەڵ مامۆستا کرێکار لە زیندانەکەی لە ئیتالیاوە کرد.

وتیشی" سوپاس بۆ خوا تەندروستی زۆر باشە، زۆر لەسەر گۆڕانکارییەکان قسەمان نەکرد و زیاتر جەختمان لە باردۆخی خۆی لە زیندانەکەی کردەوە" .

ناوبراو ڕاشیگەیاند" لەسەر داوای پارێزەرەکەی ئیتاڵیای بڕیارە دادگای ئیتالیا سەیری دۆسییەکەی مەلا کرێکار بکاتەوە". 

براكەی مەلا كرێكار ئەوەشی رونکردووەتەوە: دادگا تەنها سەیری ئەوە دەکاتەوە کە ئایا ئەو ماددە یاسایی و بڕگانەی بەکارهاتوون لە حوکمدانەکەیدا بە ١٢ ساڵ زیندانی ڕاست بەکارهاتوون و ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە ئەستۆی لەو ماددانەدا جێگەیان دەبێتەوە یان هەڵەی تێداکراوە.

 

نەجمەدین فەرەج ئەحمەد ناسراو بە مەلا کرێکار لە ساڵی ١٩٥٦ لەشاری سلێمانی لەدایکبووە. نابراو ماستەری لە زانستی فەرموودەوانیدا ھەیە، زمانەکانی کوردی، عەرەبی، فارسی، ئینگلیزی و نەرویژی دەزانێ.

مەلا كرێكار ئەمیری پێشوی گروپی تیرۆرستی ئەنسارولئیسلام لەساڵی ١٩٩١دا چووەتە وڵاتی نەرویج و ئەو وڵاتەش مافی پەنابەرێتی پێداوەو دواتریش بەشێوەیەكی بەردەوام هاتووچۆی بۆ هەرێمی كوردستان كردوە.

ھەروەھا لەساڵی ٢٠٠٠ مەلا كرێكار بووە بە ئەمیری گروپی ئەنسارولئیسلام، كە لەساڵی ٢٠٠٣دا لەلایەن ئەمریكاوە گروپەكەی مەلا كرێكار وەك گروپێكی "تیرۆرستی" لەقەڵەم درا، لەكاتێ پرۆسەی بەناو ئازادی عێراقیش لەمانگی ئازاری ٢٠٠٣دا لەلایەن فڕۆكەكانی ئەمریكاوە لە ناوچەی هەورامان بۆردومانی ئەو گروپە كراوە.

 

دادگای بۆلزانۆ لە ئیتالیا، ڕۆژی ١١ تەموزی ٢٠٢٠، بڕیاری کۆتایی زیندانیکردنی ١٢ ساڵی بەسەر مەلار کرێکار سەپاند، بە بەهانەی "ئەنجامدانی کار و پلاندانانی تیرۆریستی ".

 


PM:10:00:05/10/2020