بەهۆی نیگەرانیەکانیانەوە
هاوسەرۆک‌و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی لەگەڵ مەلا بەختیار کۆبوونەوە

هاوسەرۆکان و مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان نیگەرانییەکی زۆریان هەیە لەسەر کتێبەکەی مەلا بەختیار و هەموو ئەو دیدارو کۆمێنتانەی کە دوای بڵاوبوونەوەی کتێبەکە رایگەیاندووە، هەربۆیە رۆژی پێج شەممەی رابردوو لەماڵی کۆسرەت لە سلێمانی لەگەڵیدا کۆبوونەوە.


بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتووە، رۆژی پێنج شەممەی رابردوو ١ی تشرینی یەکەم هەریەک لە بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی و رەفعەت عەبدوڵا بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی لەماڵی کۆسرەت رەسوڵ سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەکێتی و بە ئامادەبوونی دلێری سەید مەجید لەگەڵ مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەکێتی کۆدەبنەوە.

 
 لەبارەی مێژووی یەکێتی یەوە هاوسەرۆک و وەفدەکەی مەکتەبی سیاسی رەخنە و تێبینی و نیگەرانییەکانی خۆیان گەیاندۆتە مەلا بەختیار و پێیان راگەیاندووە کە مێژووی یەکێتی " شێواندووە "، ئەویش لای خۆیەوە بەرگری لە کتێبەکەی کردووە.


بەپێی زانیاریەکانی "سپی " لیژنەیەک لە بەرپرس و کادیرانی یەکێتی پێشنیار کراوە بۆ خوێندنەوەو هەڵسەنگاندنی کتێبەکەی مەلا بەختیار کە بەناونیشانی ( لەبری بیرەوەری ) و لە ١٩ ی ئەیلول لە مەراسیمێکدا ناوبراو بڵاویکردەوە.

 
دوای خوێندنەوەو هەڵسەنگاندنی ئەو لیژنەیەو پێشکەشکردنی راپۆرت لەسەر کتێبەکە، وەک " سپی " زانیوویەتی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و ئەنجومەنی باڵای سیاسی لەبەر رۆشنایی ئەو راپۆرتەی ئامادە دەکرێت، بڕیار و هەڵوێست لەسەر مەلا بەختیار وەردەگرن.




PM:04:17:07/10/2020