تۆماس فریدمان سەردانی پەرلەمانی کوردستانی كرد

نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 2-6 تۆماس فریدمان ڕۆژنامەنووسی دیاری ئەمەریکی،  سەردانی پەرلەمانی کوردستان کرد‌و لەلایەن یوسف محەمەد سادق سەرۆک‌و جەعفەر ئیمینکی جێگری سەرۆکی پەرلەمان پێشوازیی لێكرا.

بەپێی راگەیاندنێكی پەرلەمان، لە میانەی دیدارەکەدا تۆماس فریدمان، پیرۆزبایی خۆی لە دەستەی نوێی سەرۆکایەتی کرد و داوای لە سەرۆک و جێگری سەرۆکی پەرلەمان کرد قۆناغەکانی پرسی دەستووری هەرێم و پرسی نەوت و پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان بۆ باس بکەن.

سەرۆکی پەرلەمان، لە بارەی ئەو لایەنە تیشکێکی خێرای خستە سەر قۆناغەکانی نووسینەوەی پڕۆژەی یاسای دەستووری هەرێمی کوردستان . دەمانەوێت ئەو پڕۆژەیە دەستوورەی کە لەداهاتودا دەنووسرێت، هەنگاوێک بێت بۆ گواستنەوەی کوردستان لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی تر.
 
لە بارەی قۆناغەکانی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، سەرۆک و جێگری سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەیان بە فشارەکانی پەرلەمانی کوردستان کرد لەسەر لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن بۆ پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەت و بە ئومێدەوە دەرڕواننە پێکهێنانی کابینەیەکی نوێ کە لە خزمەتی هاوڵاتیانی کوردستاندا بێت.

لەکۆتایی دیدارەکەشدا، تۆماس فریدمان سوپاسی سەرۆک و جێگری سەرۆکی پەرلەمان کرد بۆ بەخشینی ئەو زانیارییانە و ئاماژەی بەوەدا لە کوردستان ئیرادەیەکی بەهێز دەبینم بۆ گۆڕانکاری، کە ڕەنگە لەچەند ساڵی داهاتوودا ئەو گۆڕانکارییانە لە هەمو بوارەکانی ژیانی سیاسی و پەرلەمانی و ئابوری و ئاوەدانکردنەوەدا دەست بکەوێت.



PM:04:12:02/06/2014