هەپەگە: پێنج سەربازی تورکیامان کوشت و سێ بارەگامان لەناوبرد

ئەمڕۆ ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، لە بارەی زنجیرە چالاکییەکانی گەریلاوە ڕاگەیەندراێکی بڵاو کردەوە و ڕایدەگەیەنێت" پێنج سەربازی سوپای تورکیایان کوشتووە و سێ بارەگای ئەو وڵاتەشیان لە سنورەکانی هەرێمی کوردستان لەناوبردووە".

 

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لەبارەی چالاکیی گەریلاکانی لە گردی کۆردینەی هەفتانین دژی سوپای تورکیا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" لە چوارچێوەی هەنگاوی شۆڕشگێرانەی جەنگی هەفتانین، ڕۆژی ٩ی ئەم مانگە کاتژمێر ٠١:٠٠ی دوانیوەڕۆ، دژی سوپای داگیرکەری تورک لە گردی کۆردینە لە ناوچەی هەفتانیان چالاکییان ئەنجامدا، لەم چالاکییەدا دوو مۆڵگە کرانە ئامانج و داگیرکەرانی ناویشی سزادران، هەر لەسەر ئەو گردەدا مۆڵگەیەکی دیکە کە جبەخانەی تێدا بوو سوتێندرا و لەناوبرا، لەو چالاکییەدا پێنج داگیرکەر سزادران".

 

لەسەر هێرشە ئاسمانییەکانی دەوڵەتی تورکیا ئەوەش هاتووە، ڕۆژی ٧ی ئەم مانگە کاتژمێر ١١:٣٠ بۆ ١٢:٠٠ی نیوەڕۆ، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای داگیرکەری تورک دەوروبەری گوندی ڕوسێ لە بەکتۆریایان بۆردوومانکرد.

 

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگە، ڕۆژی ٩ی ئەم مانگە کاتژمێر ١٢:٠٠ بۆ ٠١:٣٠ خولەکی دوانیوەڕۆ، مەیدانی چیلۆی بچوک لە گەلیی جولەمێرگ بۆردوومانکرا، هەر ئەو ڕۆژەش کاتژمێر ٠٦:٢٠ خولەک بۆ ٠٧:٠٠ی ئێوارە ناوچەی کوڕەژارۆ لە زاپ بۆردوومانکرا، لەو بۆردوومانەدا زیانێک بە هێزەکانمان نەگەیشتووە.



PM:07:03:10/10/2020