لە ئاکامی تێکڵەچوونێکی قورسی چەکدارانە لە بەرزاییەکانی کۆساڵان لە ناوچەی سەوڵاوای سەر بە پاریزگای سنە، چەند ئەندامێكی حیزبێكی کوردستانی گیانیان لە دەست داوە و کەسێکیشیان بە دیل گیراوە.
بە پێی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رۆژی یەکشەممە ٢٠ی رەزبەری ٢٧٢٠( ١١ی ئوکتوبری ٢٠٢٠)، تێکهەڵچوونێکی چەکداری لە نێوان هێزەکانی سوپای پاسداران و هێزەکانی حیزبێکی کوردستانی لە بەرزاییەکانی شارۆچکەی سەوڵاوا لە پارێزگای سنە هاتۆتە ئاراوە. سەرچاوەکانی هەنگاو لەم بارەوە رایانگەیاند کە لە ئاکامی ئەو تێکهەڵچوونەدا لانیکەم سێ ئەندامی ئەو حیزبە کوردستانییە گیانیان لە دەست داوە.
سەرچاوەکان هەروەها راشیانگەیاند کە ئەندامێکی دیکەی ئەو حیزبە کوردستانییە بە سەختی بریندار و دواتر لە لایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە بە دیل گیراوە و بۆ شوێنێکی نادیار بەڕێ کراوە.
سوپای پاسداران پاش ئەو تێکهەڵچوونە، بەرزاییەکانی کۆساڵانی تۆپباران کردووە. راپۆرتەکانیش باس لەوە ئەکەن کە سوپای پاسداران رۆژی دووشەممەش بەرزاییەکانی نزیک شاری مەریوانی تۆپباران کردووە.
وەک ماڵپەڕی هەنگاو ئاماژەی بۆ دەکات، تا کاتی گەیشتنی ئەم هەواڵە هیچ حیزبێکی کوردستانی بەرپرسایەتیی ئەو تێکهەڵچوونەوەی وەئەستۆ نەگرتووە و راگەیاندنەکانی سەر بە سوپای پاسدارانیش لەم بارەوە هەواڵێکیان بڵاو نەکردۆتەوە.