ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، جەبار یاوەر رایگەیاند" بە مەبەستی بەردەوامیدان بە كۆبوونەوەكان لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق، بڕیارە سبەی سێشەممە شاندی وەزارەی پێشمەرگە كە پێكهاتووە لە لیژنەی باڵای هەماهەنگی سەربازی و ئەمنی وەزارەتی پێشمەرگە، سەردانی بەغدا بكات".
فەریق جەبار یاوەر ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە بە سەنتەری میدیای وەزارەتەكەی راگەیاندووە " دوای چەندین كۆبوونەوە لە نێوان هەردوولا، بڕیارە رۆژی سێشەممە شاندێكی وەزارەتی پێشمەرگە كە پێكهاتووە لە لیژنەی باڵای هەماهەنگی سەربازی و ئەمنیی وەزارەت، بگاتە بەغدا و لەگەڵ لیژنەی هەماهەنگی سەربازی و ئەمنیی وەزارەتی بەرگریی عێراق (فەرماندەیی هێزە هاوبەشەكان) كۆبێتەوە".
ئەمینداری گشتی وەزارەت دەشڵێت " گفتوگۆكان لەسەر سێ بابەتی سەرەكی دەبێت، یەكەم دامەزراندنی ناوەندی هەماهەنگی لە نێوان ئەفسەرانی هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، دووەم دامەزراندنی هێڵی هاوبەشی بەرگری، سێیەم ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی داعش، ئەمانە هەمووی سنووری پارێزگاكانی كەركووك و دیالە و نەینەوا دەبێت".
ئەم سەردانە دوای رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا دێت لەسەر ناوچەی شەنگال.