" شۆفێری خێزانی بەرپرس هەیە قاچاغچییە لە سنورەکان "

پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" کاری قاچاغچێتی لە خاڵەسنورییەکان بەردەوامە و شۆفێری ژنی بەرپرس ھەیە، دەستى داوەتە کارى قاچاغى لە سنورەکان".

 

دابان محەمەد پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی کوردستان لە نوسینێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "فەیسبووک" ئاشکرایکردووە، کارى قاچاغچێتى  لە خاڵە سنورییەکان بەردەوامە، ئەوەى هەیە بێدەنگى لێکراوە، زیاتر نەبێت کەمتر نەبووە، کارى قاچاغى بەجۆرێک فراوانبوە، لە بەرپرسانەوە ترازاوە بۆ خەڵکانى تر، شۆفێرى خێزانى بەرپرس هەیە دەستى داوەتە کارى قاچاغى و ئۆتۆمبێل داخلى هەرێمى کوردستان دەکات.

 

دابان محەمەد لە بەشێکی تری نوسینەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە" ئێستا لە خاڵى سنورى پەروێزخان زیاتر لە 40 ئۆتۆمبێل دەستى بەسەردا گیراوە، کە ئۆتۆمبێلى نایاسایى و خوار مۆدێل 2018، چەندین جۆر ئۆتۆمبێلى گرانبەهاى تێدایە،  دۆسیەکە دراوە بە بەڕێوەبەرایەتى گشتى گومرگى هەرێم، چاودێرین لە ڕێگریکردن و لە داخڵکردنیان". 

 

دەشڵێت" بۆ هێنان و داخلکردنى هەر ئۆتۆمبێلێک، لە خاڵى سنورى باشماخ و حاجى ئۆمەران، بڕى 6500 دۆلار وەردەگیرێت، 2000 دۆلارى بۆ بەرپرسى حزبى دەڕوات (( ئەگەر شەوى 4 کۆنتێنەر داخڵ بکرێت، مانگى 4 ملیۆن دۆلار دەکات، تەنیا لە یەک خاڵى سنورییەوە)). لە باشماخ بە ئاشکرا و لە حاجى ئۆمەران بە کۆنتێنەرى داخراو ئۆتۆمبێلى قاچاغ دەهێنرێتە ناو هەرێم".

 

لە کۆتایی نووسینەکەدا پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی گۆڕان ڕەخنە لە حکومەتی هەرێم دەگرێت و دەڵێت" ئەمانە داهاتى حکومەتى هەرێمن، لە برى ئەوەى بدرێت بە موچە و بخرێتە گیرفانى فەرمانبەران، دەچێتە گیرفانى حزب و بەرپرسانى حزبیەوە".



PM:09:45:13/10/2020