تەندروستی عێراق لەبارەی گەیشتنی پێكوتەی دژە ڤایرۆسی كۆرۆنا ڕوونکردنەوە دەدات

وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق لەبارەی گەیشتنی پێكوتەی دژە ڤایرۆسی كۆرۆنا ڕوونکردنەوە دەدات و ڕایدەگەیەنێت" هیچ پێكوتەیەکی دژە پەتایی ڤایرۆسی كۆرۆنا نەگەیشتۆتە عێراق".

 

سەیف قەدری وتەبێژی بە ناو وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی رەت كردەوە كە باس لەوە دەكەن نزیکی دە ملیۆن پێكوتەی دژە پاتای کۆرۆنا گەیشتبێتە عێراق و ڕایگەیاند" هێشتا لە جیهاندا هیچ پێكوتەیەك رەزامەندی بەكارهێنانی بەدەست نەهێناوە".'

 

ڕوونیشیکردەوە، هەر كات ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی بڕیاری لەسەر پێكوتەیەكی دژە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا دا، ئەوا عێراق دەبێتە یەكەمینی ئەو وڵاتانەی پێكوتەكە هاوردە دەكەن، لە كاتی گەیشتنیشیدا سەرەتا بەسەر هێزە ئاسایشییەكانیدا دابەش دەكرێت. 

 

لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە عێراق تائێستا  كۆی توشبوون بە كۆرۆنا گەیشتۆتە ٤٠٩ هەزار و ٣٥٨ كەس و لەوانە نۆ هەزارو ٩٧٠ كەسیان گیانیان لەدەستداوەو ٣٤٤ هەزارو ٢٠٨ كەسیان چاكبونەتەوە. 


PM:11:17:13/10/2020