ژمارەیەک پەرلەمانتار دەستگیرکردنی شێروان شێروانی بە توندی مەحکوم دەکەن

هەریەک لە ئامینە کاکە باوە ئەندامی پەرلەمانی سوید و جەبار ئەمین ئەندامی پێشووی پەرلەمانی سوید دەستگیرکردنی شێروان شێروانی بە توندی مەحکوم دەکەن و دەڵێن" دەستگیرکردنی بێ بنەمایانەی شێروان شێروانی و کەسانی تری ڕەخنەگر لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هێندەی تر ئابڕوو و پێگەی حکومەتی هەرێم و حوکمڕانانی لە ناوەندە جیهانییەکان نزمتر دەکات". 

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا کە دانەیەکی بۆ ماڵپەڕی "سپی" نێردراوە باس لەوەشدەکەن، دروستکردنی تۆمەتی بێ بنەما بۆ ڕەخنەگران وەك بەهانەیەك بۆ دەستگیرکردنیان کرداری ڕژێمە سەرکوتکەرەکانە و ڕەخنەی زیاتری جیهانی دەرەوەی لێ دەکەوێتەوە.

 

دەشڵێن" ئێمە دەستگیرکردنی بێ بنەمایانەی شێروان شێروانی بە توندی مەحکوم دەکەین. ڕەخنەی خۆمان ئاڕاستەی سەرۆك وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە گشت حزبەکانیەوە دەکەین، و بە تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان کە فەرمانڕەوایی ئەو حکومەتە دەکات، جگە لەوە پاراستنی سەلامەتی و ژیانی نوسەر و ڕۆژنامەوان شێروان شێروانی دەخەینە ئەستۆی گشت ئەو لایەنانە". 

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە: 

 

دەبێت نوسەر و ڕۆژنامەوان شێروان ئەمین شێروانی ئازاد بکرێت.


ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ و مافی ڕادەربڕین دوو مافی گەردونین و لە جاڕنامەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کراونەتە دوو بنچینەی گرنگ کە پێویستە هەموو حکومەتێك ڕێزی لێ بگرێت.

 

- لە بەندی ٣ ی جاڕنامەکەدا هاتووە: "هەموو کەسێك مافی هەیە ئەمنیەتی پارێزراو بێت".

 

(واتە ئەرکە لەسەر حکومەت ئەمنیەتی گشت هاوڵاتییەکانی بپارێزێت).

 

- لە بەندی ٥ هاتووە: "نابێت کەس مامەڵەیەکی کەسایەتیشکێنی لەگەڵدا بکرێت".

 

(واتە ئەرکە لەسەر حکومەت بە ڕێزەوە مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتییەکانی بکات، و لە کاتی گرتن و زیندانیشدا کرداری کەسایەتیشكێنیان لەگەڵدا نەکات).

 

- لە بەندی ٩ هاتووە: "نابێت کەس بە مەزاجی حکومڕانان دەستەبەسەر یان زیندانی بکرێت".

 

(واتە ئەرکە لە سەر حکومەت تەنها بشتبەست بە یاسا خەڵکی دەستگیر و زیندانی بکات).

 

- لە بەندی ١٢ هاتووە: "نابێت کەس بە مەزاجی حوکمڕانان لە ماڵ و لەبەردەم خێزانەکەی و بەشێوەیەکی کەسایەتیشکێن دەستگیر بکرێت".

 

- لە بەندی ١٩ هاتووە: "هەموو کەس مافی ڕادەربڕینی هەیە، هەروەها مافی بڵاوکردنەوەی بۆچونەکانی هەیە".

دەستگیرکردنی یاساشکێنی و مەزاجی و کەسایەتیشكێنی نوسەر و ڕۆژنامەوان شێروان ئەمین شێروانی لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە گشت حزبەکانیەوە، و بە تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان کە فەرمانڕەوایی ئەو حکومەتە دەکات، پێشێلکردنی جاڕنامەی گەردونی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانە. بەو کارەش حکومەتی هەرێمی کوردستان گشت ئەو بەندانەی سەرەوەی جاڕنامەکەی پێشێل کردووە. 

 

لە جیاتی دەستگیرکردن و هەراسانکردنی دەنگە ئازادەکان، کە بنەمای هێنانە ئارای کۆمەڵگەیەکی دیموکراتین، دەبوایە حکومەتی هەرێم پاڵپشت و هاوکاری ئەو دەنگە بوێرانە بێت.

وەکوو دەزانین، ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ و مافی ڕادەربڕین دوو لە بنەما بنچینەییەکانی هەموو حوکمڕانییەکی دیموکراسی و مرۆڤ دۆستە. ئەو حکومەتەی بە شێوەیەکی سیستەماتیك ئەو دوو مافە پێشێل دەکات نە دیموکراتییە و نە مرۆڤ دۆستە. 

 

 

بە دەستگیرکردنی بێ بنەمایانەی شێروان شێروانی و کەسانی تری ڕەخنەگر حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان هێندەی تر ئابڕوو و پێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حوکمڕانانی لە ناوەندە جیهانییەکان نزمتر دەکات. دروستکردنی تۆمەتی بێ بنەما بۆ ڕەخنەگران وەك بەهانەیەك بۆ دەستگیرکردنیان کرداری ڕژێمە سەرکوتکەرەکانە و ڕەخنەی زیاتری جیهانی دەرەوەی لێ دەکەوێتەوە.

ئێمە دەستگیرکردنی بێ بنەمایانەی شێروان شێروانی بە توندی مەحکوم دەکەین. ڕەخنەی خۆمان ئاڕاستەی سەرۆك وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە گشت حزبەکانیەوە دەکەین، و بە تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان کە فەرمانڕەوایی ئەو حکومەتە دەکات.
جگە لەوە، پاراستنی سەلامەتی و ژیانی نوسەر و ڕۆژنامەوان شێروان شێروانی دەخەینە ئەستۆی گشت ئەو لایەنانە.

ئازادکردنی بێ مەرجانەی نوسەر و ڕۆژنامەوان شێروان شێروانی داوایەکی ئێمەیە.

ئامینە کاکە باوە                                                           جەبار ئەمین
ئەندامی پەرلەمانی سوید                                              ئەندامی پێشووی پەرلەمانی سوید

وێنەیەکی ئەم نوسراوە بە زمانی جیاواز دەنێردرێت بۆ:
- نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق.
- کونسڵخانەکان لە بەغدا و هەولێر.
- یەکێتی ئەوروپا.
- پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا.
- ئەمنستی ئینتەرناشونال.
- خاچی سووری جیهانی.
- هیومان رایتس وەتچ.
- حکومەتی عێراق.
- پەرلەمانی عێراق. 



AM:12:03:14/10/2020