هەولێر خۆی بۆ مەترسی رووداوی لافاو ئامادە دەکات



شارەوانی هەولێر بەردەوامە لە کارکردن و خۆئامادەکردن بۆ وەرزی زستان و بەرگرتن لە زیانەکانی رووداوی لافاوی زستانی داهاتوو.


لە راگەیاندنێکدا سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات لەڕێگەی تیمەکانی سەرجەم شارەوانییەکان پێش دەستپێکی وەرزی باران و زستان هەڵمەتی پاککردنەوەی مەنهۆڵ و کەندەکانمان دەستپێکردووە.


شارەوانی پایتەختی هەرێم ئەوەش دەخاتەڕوو " لە هەڵمەتێکدا لەسنوری شارەوانی دوو قەمتەرەی رێگای بەحركە، خاوێن كردنەوەی رێرەوی ئاوەرۆ لە گوندی گردجووتیار لەزبڵ و خاشاک پاک کرانەوە بۆئەوەی مەترسی لافاو و کۆبوونەوەی ئاو لە وەرزی زستان دروست نەبێت".


هەموو ساڵێک کە بارانێکی زۆر ببارێت لە هەندێک شوێنی ناوبازاڕی هەولێر لافاو هەڵدەسێت و هاتوچۆ زەحمەت دەکات و ئاو دەچێتە ماڵانی هەندێک ناوچەی نزمی پایتەختەوە.


PM:04:47:15/10/2020