تەندروستی هەرێم سەبارەت بە هەڵکوتانە سەر دەرمانخانەیەک ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

وەزارەتی تەندروستی هەرێم ڕایدەگەیەنێت کە" تەندروستی هەرێم بەدواداچوون بۆ گرتە ڤیدیۆیەك دەكات و ڕێكاری یاسایی دەگرێتەبەر". 

 

د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کەمێک پێش ئێستا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوابەدوای بڵاوبوونەوەی گرتەڤیدیۆیەك كە هێرش دەكرێتە سەر كارمەندێكی دەرمانخانە بە هەڵسوكەوتێكی ناشارستانی و دوور لە مرۆڤایەتی، لەسەر ڕاسپاردەی وەزیری تەندروستی و لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی پشكنین و بەدواداچوون و بەشی یاسایی بەدواداچوون لەم رووداوە دەكرێت و ڕێكاری یاسایی دەگرینەبەر.

 

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم ڕاشیگەیاندووە" جەخت دەكەینەوە و داوا لە وەزارەتی ناوخۆ دەكەین لەپێناو پاراستنی ماف و گیانی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی و فەرمانبەرانی دامودەزگا تەندروستیەكان لە كەرتی گشتی و کەرتی تایبەت ڕێكاری یاسایی بگیرێتەبەر بۆ دووبارەنەبونەوەی ئەم جۆرە ڕەفتار و ڕووداوانە، داواش لە هاووڵاتیان دەكەین بە گیانێكی مرۆڤدوستانە مامەڵە لەگەڵ دامودەزگا تەندروستیەكان بكەن". 



PM:08:07:15/10/2020