حکومەتی هەرێم لەبارەی سوتانی ئاڵای کوردستان‌و بارەگای پارتی لە بەغدا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

لە راگەیاندراوێکدا حکومەتی هەرێمی كوردستان بە تووندی سووتاندنی ئاڵای كوردستان و هێرشی سەر بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا " شەرمەزار" دەكات.

 
لەو راگەیاندنەی حکومەتی هەرێمدا هاتووە "هەر جۆرە هێرش و دەستدرێژییەك لە لایەن هەر كەس و گرووپێكەوە بۆ سەر سیمبۆلەكانی هەرێمی كوردستان و حزبە سیاسییەكانی جێگەی قبووڵكردن نییە".


لە درێژەی راگەیاندنەکەدا هاتووە " پێویستە حكومەتی فیدراڵ رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی بارەگای حزبەكان و نوێنەرایەتیی وڵاتانی بیانی لە بەغدا وهەر شارێکی دیکە لە هێرشی هەر گرووپێکی لە یاسا دەرچوو بگرێتەبەر.

 
حكومەتی هەرێمی كوردستان بە مافی خۆی دەزانێت هەموو رێوشوێنێكی یاسایی و رێگەپێدراو بۆ پاراستنی هاووڵاتییان و دەستكەوتەكانی و ڕێزگرتن لە ئاڵای كوردستان بگرێتەبەر".


لە کۆتایی راگەیاندنەکەدا حکومەتی هەرێم داوا لە حكومەتی فیدراڵ دەكات، رێوشوێنی یاسایی بگرێتەبەر وهێرشکاران بە سزای خۆیان بگەیەنرێت تا ئەم جۆرە کردەوە دزێوانە دووبارە نەبنەوە.

 

 

مەسرور بارزانی: پەیوەندی تەلەفونیم لەگەڵ کازمی لەسەر ردووداوەکە ئەنجام دا

 

 
هەروەها سەرۆکی حکومەتی هەرێم مەسرور بارزانی بە جیا راگەیاندنێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتووە " بە تووندی هێرشی ئەمڕۆی تاقمێکی لە یاسادەرچوو بۆ سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان و سووتاندن و بێ ڕێزی کردن بەرامبەر ئاڵای کوردستان لە بەغدا، ڕیسوا و شەرمەزار دەکەم".


مەسرور بارزانی دەشڵێت " بێ ڕێزی کردن بەرامبەر پیرۆزترین سیمبولی کوردستان و سووتاندنی و هەڵکوتانە سەر بارەگای حیزبێک، کە زۆرترین قوربانی لە پێناو ڕووخانی رژێمی دیکتاتۆری لە عێراق و دابینکردنی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان داوە  هێرشێکی ئاشکرایە بۆ سەر بەهاکانی دیموکراسی و بەیەکەوەژیانی ئاشتیانە و ئاشتی کۆمەڵایەتی لە عێراقی فیدراڵدا".


سەرۆکی حکومەت پەیوەندیەکی تەلەفونی خۆی و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران ئاشکرا دەکات و دەڵێت "لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیران بەڕێز مستەفا کازمی، گفتوگۆمان دەربارەی ئەم پەلامارە کرد و داوام لێکرد کە دەزگا پەیوەندیدارەکان، دەستبەجێ لێکۆڵینەوە بکەن و ڕێوشوێنی یاساییش، بەرامبەر ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە بگرنەبەر".

 

 

قوباد تاڵەبانی : داوا لە ‌هێزە دۆستەکانمان دەکەین لەسەر ئەم بێرێزیە بێنە دەنگ

 

 
لە لایەکی تریشەوە قوباد تاڵەبانی جێگی سەرۆکی حکومەت لە بارەی هەمان رووداوەوە دەڵێت" سووتاندنی ئاڵای پیرۆزی كوردستان كه‌ سیبمولی باڵای گه‌له‌كه‌مانه‌ و هه‌روه‌ها هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر باره‌گای پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ به‌غدا به‌ شێوازێكی نایاسایی و ناشارستانی جێگای قبوڵكردن نییه‌ و هێرشه‌ بۆسه‌ر هه‌موو پیرۆزی و باره‌گا كوردستانییه‌كان له‌پایته‌ختی فیدراڵی عێراق".

 
جێگری سەرۆکی حکومەت لە درێژەی پەیامەکەیدا دەشڵێت " به‌ توندی ئیدانه‌ی ئه‌م هه‌نگاوه‌ ده‌كه‌م و داواش له‌هێزه‌ عێراقییه‌ هاوپه‌یمان و دۆسته‌كانمان ده‌كه‌ین له‌ به‌غدا  له‌سه‌ر ئه‌م بێڕێزیكردنه‌ بێنه‌ ده‌نگ كه‌ پێشێلكردنێكی گه‌وره‌ی یاسا و ده‌ستور و سیمای فره‌جۆری عێراقه‌ و زاڵكردنی هێزی چه‌كه‌ به‌سه‌ر مه‌نتیقی عه‌قڵ و دیالۆگدا و ئه‌مه‌ش ده‌مانخاته‌ به‌رده‌م به‌رپرسیارێتی گه‌وره‌ی یه‌كڕیزی و یه‌ك هه‌ڵوێستی كورد بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی سه‌رمان كه‌ ئه‌مڕۆ گه‌له‌كه‌مان له‌هه‌موو كات زیاتر پێویستی به‌یه‌كریزی و ته‌بایی هه‌یه"‌.

 
بەیانی ئەمڕۆ لایەنگرانی حەشدی شەعبی لەسەر لێدوانێکی هۆشیار زێباری بە خۆپیشاندان چوونە سەر بارەگای پارتی لە بەغداو بارەگاکەو ئاڵای کوردستانیشیان سووتاند.




PM:04:55:17/10/2020