لە هەندێک لە گەڕەکەکانی شاری کەرکوک لەترسی کاردانەوە بەرانبەر سوتاندنی ئاڵای کوردستان، لە گەڕەكە كوردییەكان، هێزەکانی پۆلیسی کەرکوک و هێزەکانی لیوای ٦١ی سەر بەسەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، بڵاوەی پێكراوە و چەندین بازگە دانراون.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پارێزگای کەرکوک ڕایگەیاند" هەردوو بازگەی نێوان سلێمانی و هەولێر لەگەڵ كەركوك داخران، بەڵام پاش نزیكەی كاتژمێرێك بازگەكەی نێوان سلێمانی و كەركوك كرایەوە و لە ئێستادا بازگەی نێوان هەولێر و كەركوك داخراوە".
ئەو سەرچاوەیە ڕاشیگەیاندووە" هێزە ئەمنییەکان، پێشوەختە زانیاری ئەوەیان هەبووە کە هەوڵێک هەیە بۆ سوتاندنی ئاڵای عێراق، پاش ئەو پشێوی و ئاڵۆزیەی ئەمڕۆ کە لە بەغدای پایتەخت ڕوویدا، هەر بۆیە چەندین بازگە لەلایەن لیوای ٦١ەوە لە ناو گەڕەکاکاندا دانراون و بە ئاسانی رێگە بە هاتوچۆ نادرێت".
بەیانی ئەمڕۆ شەممە لایەنگرانی حەشدی شەعبی لە گەڕەکی کەرادەی بەغدا هێرشیان کردە سەر بارەگای پارتی و بارەگاکەو ئاڵای کوردستانیان سووتاندو ئەمەش بووە مایەی ناڕەزایەتی ناوەندێکی فراوانی حکومی و حیزبی لە هەرێم.