تۆمەتبارێکی سەرەکی دۆسیەی هێرشکردنە سەر ئاسۆس هەردی هێنرایە بەردەم دادگا

پارێزەری دۆسیەی هێرشکردنە سەر ئاسۆس هەردی رایگەیاند "پاش تێپەڕینی ٩ ساڵ بەسەر هێرشکردنە سەر ئاسۆس هەردی‌و ١٥ دانیشتنی دادگای دادبینی سەبارەت بەو كەیسە، ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار یەکێک لە تۆمەتباری سەرەکی كەیسی هێرشكردنە سەر ئاسۆس هەردی بەراگیراوی هێنرایە بەردەم دادگا، کە ئەفسەرێکی پلە باڵای هێزەكانی (70)یە".

 

 
کارزان فازڵ، پارێزەری دۆسیەی هێرشکردنە سەر ئاسۆس هەردی بە ماڵپەڕی سپی راگەیاند "ئەمڕۆ دوشەمە ١٩ / ١٠ /٢٠٢٠، بۆ یەکەمجار تۆمەتبارێکی سەرەکی کەیسی هێرشکردنە سەر ئاسۆس هەردی (ر.م) بەدەستگیراوی ئامادەی بەردەم دادگا کرا، لەبەرئەوەی لەلایەن ئاسایشەوە لەسەر کەیسێکی تر راگیراوە".

 

 
ئەم تۆمەتبارە کەیەكێک بوو لەو سێ کەسەی بەشداری هێرشەکەیان بۆ سەر ئاسۆس هەردی کردبوو، یەکێکیان هەر زوو حوکمدراو زیندانی خۆی تەواو کرد، ئەمەیان ئەفسەرێکی پلە باڵای هێزەكانی (70)یە، پێشتر دادگای تاوانەكانی سلێمانی 3، چەندین جار بەنوسراو داوای لەوەزارەتی پێشمەرگە/ هێزەكانی (70)ی كرد بو پسوڵەی ئاگاداركردنەوەی بدرێتێ بۆ ئەوەی تەبلیغ بكرێت كە رۆژی دادبینی لەبەردەم دادگاكەیان ئامادە بێت، بەڵام ١٥ دانیشتنی دادگا کراو ئەم تۆمەتبارە ئامادە نەدەبوو، تا بەهۆی کەیسێکی ترەوە دەستگیر کراوەو دادوەر بڕیاری دا بەدەسگیرکراوی بهێنرێتە بەردەم دادگا.

 

لە"دۆسیەی هێرشکردنە سەر ئاسۆس هەردی"دا، سێ تۆمەتبار هەن، یەکێکیان کە شۆفێری ئۆتومبێلی هێرشکارەکانە حوکم دراوەو تۆمەتباری سەرەکی نییە، دووەمیشیان (ر.م) کە یەکێکە لە تۆمەتبارە سەرەکیەکان، ئەمڕۆ بەدەستگیراوی هێنرایە بەردەم دادگا، تۆمەتباری سێهەمیش (ێ‌.م) کە پێشمەرگەی سەر بەهێزەکانی (70)یە کە دەستدرێژیکاری سەرەکییە، لەلایەن دادگاوە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچوەو تا ئێستا دەستگیر نەكراوەو تۆمەتباری هەڵهاتووە.

کارزان وتی "دانیشتنی ئەمرٶ تایبەت کرا بەم تۆمەتبارەو رێوشوێنی دادگایی کردنەکە دەستیپێکرد، بەڵام لەبەرئەوەی پارێزەری تۆمەتبار ئامادە نەبوو، دۆسیەی دادگایی کردنەکە دواخرا بۆ ٢٧ / ١٠ /٢٠٢٠".

 


PM:04:49:19/10/2020