مەسرور بارزانی لە بارەی مووچەوە لێدوانێک دەدات



سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە میانی پێشكەشكردنی وتارێك لە مەراسیمی كردنەوەی جووت سایدی گۆپاڵ – رۆڤیا، باسی پێدانی مووچە دەکات.

 

 
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠ی تشرینی یەکەم وتی " هەندێكجار پرسیارێك لەبارەی مووچە زۆر دێتە پێشەوە و دەڵێن، حكوومەت چۆن دەتوانێت پڕۆژەی خزمەتگوزاری بكات، بەڵام مووچە لە كاتی خۆی نادرێت؟حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەرچی پێ كرابێت بۆ دابینكردنی مووچە كەمتەرخەمی نەكردووە و ناشیكات".

سەرۆکی حکومەتی وتیشی " داهاتی هەرێمی كوردستان بەهۆی پەتای كۆرۆنا و تێكچوونی باری ئابووریی جیهانی كەمی كردووە و ئەم كێشانە كاریگەرییەكی زۆر خراپیان كردۆتە سەر دۆخی ئابووریی كوردستانیش. ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردی ئەوەیە كە خەرجییەكانی حكوومەتی بۆ كەمترین ئاست كەم كردەوە، لە هەمان كاتدا خەبات بۆ ئەوە دەكات كە داهاتی ناوخۆیی زیاد بكات”.

 

 
مەسرور باررزانی وتیشی “ئەوەشمان لەبیر نەچێت كە هاووڵاتیانمان چاوەڕێن حكوومەت پڕۆژەی خزمەتگوزاریشیان پێشكەش بكات. خزمەتكردن تەنیا پێدانی مووچە نییە. خەڵك داوای ئاو و كارەبا و نەخۆشخانە و قوتابخانە و خزمەتگوزاری لە هەموو كەرتەكان دەكەن، بۆیە جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژانە دیسان بۆ خزمەتكردنی هەموو هاووڵاتییانە بە مووچەخۆر و مووچەنەخۆر. ئەوانەشی كە مووچەیان نییە هەقیان لەسەر حكوومەتە خزمەت بكرێن”.

 


PM:12:33:20/10/2020