لە سلێمانی گۆڕانکاری لە شێوازی بەرهەمهێنانی ئاوی لە دەبەنراودا دەکرێت

بەھۆی خراپی کوالیتی و زیانە تەندروستییەکانی بۆ سەر تەندروستی ھاوڵاتیان  قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند: ماوەی دوو ھەفتە مۆڵەت دەدرێتە کارگەکانی بەرھەمھێنانی ئاوی لە دەبەنراو لەمەودوا بەرھەمھێنانی ئاو لە جۆری (پەرداخ) لە کارگەکانی سلێمانی رابگیرێت تا ئەو کاتەی دڵنیا دەبنەوە لە کوالیتیەکەی، لەگەڵ ئەوەشدا پێداچونەوەی تەواو بە شێوازی بەرھەمھێنان و لەدەبەنانی ھەموو جۆرە ئاوێکدا دەکرێت و کارگەکان پابەند دەکرێن بە کوالیتیەکی بەرزو بەپێی مەرج و رێنماییەکان ئاو بەرھەمبھێنن و ھەموو مەرجە تەندروستیەکان لە بەرچاو بگرن لە پێکھاتەی خۆراکی ئاوەکەو جۆری ئەو پلاستیکەی کەبۆ لەدەبەنانی ئاو بەرھەمدەھێنرێت. 

 

ئەمرۆ چوار شەممە 21-10-2020, لە دیوانی قائیمقامیەتی سلێمانی ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی بەئامادەبونی بەڕێوەبەری فەرمانگە پەیوەندیدارەکان لەگەڵ نوێنەری کارگەکانی بەرھەمھێنانی ئاوی لە دەبە نراو کۆبوەوە.

 

پەیوەست بەم بابەتە لە کۆبونەوەکەدا قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند" ئەم لایەنە پەیوەندی راستەوخۆی بە ژیان و تەندروستی خەڵکەوە ھەیە و بەپێی ئەو پشکنین و بەدواداچونە زانستیانەی کە لیژنە تایبەتمەندەکان لە سلێمانی کردوویانە دەرکەوتووە بەشێکی زۆر لەو ماددە پلاستیکیانەی کە لە دروستیکردنی دەبەی ئاو لە لەکارگەکان بەرھەمدەھێنرێت مەرج و رێنماییە تەندروستیەکانیان تێدا نیەو لە رووی کوالیتیەوە لە ئاستێکی پێویستدا نیە بەتایبەت  ئەو جۆرە پلاستیکەی کە لە دروستکردنی جۆری ئاوی (پەرداخ) بەکاردەھێنرێت ، لەبەر ئەوە بڕیاردرا بەرھەمھێنانی ئەو جۆرە ئاوە رابگیرێت تا ئەو کاتەی بە کوالیتیەکی بەرزو بەپێی رێنماییە تەندروستییەکان بەرھەمدەھێنرێت و ماوەی دوو ھەفتەش مۆڵەت بدرێتە کارگەکان، بەڵام جۆری (ئاوی بتڵ)ی لە دەبە نراو بەپێی مەرج و رێنماییە تەندروستیەکان رێگە پێدراوە".

 

ئاوات محەمەد ووتیشی" بۆ پاراستنی تەندروستی ھاوڵاتیان و کەمکردنەوەی مەترسییەکان لەماوەی رابردوودا ٥ کارگەیان بەھۆی خراپی کوالیتی بەرھەمھێنانی ئاوی لە دەبەنراو داخستووە و سزای ماددی دراون، بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە لیژنەیەکیان پێکھێناوە و لەماوەی ساڵێکدا ١١٦٠ سەردانیان بۆ کارگەکانی بەرھەمھێنانی ئاوی لەدەبەنراو ھەموو شوێنە پەیوەندیدارەکان کردووە و بەووردی بە دواداچونیان بۆ ئەم گرفتە کردووەو راپۆرت و زانیارییەکانی لیژنەکەش بەھەمان شێوە جەخت لە مەترسییەکانی ماددە پلاستییکەکان دەکاتەوە و بە پێویستی دەزانن ئەو ماددە پلاستیکیانەی کە بۆ لە دەبەنانی ئاو بەکاردەھێنرێت کوالیتیەکی بەرزیان ھەبێت و نەبێتە ھۆی دروستکردنی مەترسی لەسەر تەندروستی خەڵک".

 

قائیمقامی سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: لە ھەمان کاتدا پێداچونەوە بە شێوازی گواستنەوە و دانانی ئاوی لە دەبەنراودا دەکرێت و پێویستە ئاو بەڕێگەیەکی تەندروست بگوازرێتەوە و مارکێت و دووکاندارەکانیش ئاو لە دەرەوەو لەبەرتیشکی خۆر دانەنێن و پێویستە ئاو لە خوار ٢٥ پلەی سەدی دابنرێت بە پێچەوانەوە رووبەرووی سزای توند دەکرێنەوە تا ئاستی داخستن.

 

ھاوکات دکتۆر ئومێد قادر مامۆستای زانکۆ بەشێوەیەکی زانستی لە رێگەی داتاو توێژینەوە جیھانییەکان بە گشتی باسی لە مەترسییەکانی مادە پلاستیکییەکان کرد بۆ ھەڵگرتنی ھەموو ماددەخۆراکییەکان بەتایبەتی لە ھەڵگرتنی ئاودا ، ووتی" ئەمە کێشەیەکی جیھانییەو ھۆکاری چەندین نەخۆشیی کوشندەیە لە نێویاندا شێر پەنجەو بەو ھۆیەوە ئێستا لەسەر ئاستی دونیا کار لەسەر کەمکردنەوەی ماددە پلاستییکیەکان دەکرێت و خۆشبەختانە ئەم ھەوڵەش لە ھەرێمی کوردستان بە تایبەت لە شاری سلێمانی دەستی پێکردووە و  ھیوادارین ئەم ھەنگاوە لە پێناو سەلامەتی تەندروستی ھاوڵاتیان ئەنجامی باشی ھەبێت".

 

ھەروەک د.بینایی کامەران پسپۆڕی خۆراک بەووری باسی لە مەترسییە گەورەکانی ماددە پلاستیکییەکان کرد بۆ سەر تەندروستی ئاشکرایکرد، رۆژ لە دوای رۆژ بەھۆی زۆری بەکارھێنانییان ماددە پلاستیکییەکان مەترسییەکان لە زیادبوندان و بەھۆیەوە ژیانی ھەزاران کەس لە کوردستان لە بەردەم مەترسیدایە و پێویستە ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت و بەکارھێنانی ماددە پلاستیکییەکان بە تایبەت لە ھەڵگرتنی ماددە پلاستیکییەکان تەواو سنوردار بکرێت.

 

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیشدا ئاوات محەمەد رایگەیاند" لیژنەیەکی تایبەندمەند پێکدەھێنرێت بۆ بەدواداچونی مەرج و رێنماییەکان و لایەنی کوالیتی ئەو ئاوەی کە لە سلێمانی بەرھەمدەھێنرێت و  بەتایبەت ئاوی جۆری (پەرداخ) لە ماوەی دوو ھەفتەدا بڕیار لەم بارەیەوە دەدرێت ئەگەر دەرکەوت جۆری ئاوی پەرداخ لە رووی تەندروستی و کوالیتیەوە لە ئاستێکی پێویستدا نیە بەرھەمھێنانی ئەو جۆرە ئاوە قەداغەدەکرێت".

 

لەبارەی شێوازی گواستنەوەو ھەڵگرتنی ئاو قائیمقامی سلێمانی دەڵێت" بەھەمان شێوە لەم رووەوە سزاکان توندتر دەکەنەوە و پێویستە ئاو لە کارگەکان تا دەگاتە دەستی ھاوڵاتیان بەپێی مەرج و رێنماییەکان بێت و لە خوا ٢٥ پلەی سەدی بگوازرێتەوە و مارکێت و دووکاندارەکانیش ئاو لە بەرتیشکی خۆر دانەنێن چونکە لە ئەگەری پابەند نەبونیان شوێنەکانیان دادەخرێت و رووبەرووی سزای توندی یاسایی دەکرێنەوە". 



PM:03:11:21/10/2020