لەبارەی تۆمارکردنی داوایی یاسایی لە دژی
عەلی حەمە ساڵح: دەبێت ئێوە بدرێنە دادگا

دوای ئەوەی لەبارەی " قاچاخچێتی لە مەرزەکانەوە، مەرزی باشماخ رایگەیاند" عەلی حەمە ساڵح دەدەینە دادگا"، ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت " دەبێت ئێوە بدرێنە دادگا".

 
 
عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتاری گۆڕان لە وەڵامی مەرزی باشماخدا دەڵێت " مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، ھەڕەشەی ئەوە دەکەن من دەدەنە دادگا!! چونکە باسی قاچخیم کردوە!! لە ڕابردودا چەندین ڕێگا تاقیکراوەتەوە بۆ ئەوەی من کۆڵبدەم لە دۆسیەی خاڵە سنوریەکان، بەڵام ئیمان و ئەخلاقی سیاسیم ڕێگام پێنادات لەبەر ھیچ ھۆکارێک چاوپۆشی لە تاڵانی خاڵە سنوریەکان بکەم".

 

 
هەروەها دەشڵێت " ئەوەی دەبێت بدرێتە دادگا ئێوەن، ئەوە ئێوەن بوون بە پاسەوانی قاچاخچیەکان!! بازاڕتان پڕکردوە لە کاڵای قاچاخ لە ھێلکەو دوگ و میوەو فەرش و ئۆتۆمبیلی مۆدیل کۆن..... ھتد!".



لە درێژەی وەڵامەکەیدا ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت "بەڵێ ئەمڕۆ ھیچ بارێکی ڕەسمی داخڵنەکراوە بە گومرگ، بەڵام دەیان باری تەنسیق(قاچاخ) تان داخڵکردوە...پاش بەیانەکەی منیش پەیوەندیتان کردوە بە ئەنجومەنەکانەوە، پێویست ناکات ئەم بابەتە گەورە ببێت و زانیاری بدەنە عەلی، سبەی ڕێگا بۆ بارھەڵگری ڕەسمی دەکرێتەوە".

عەلی حەمە ساڵح ئاشکراشی دەکات کە ئەو بێمنەتانە دەچێتە بەردەم دادگاو بەبەڵگەوە دەیسەلمێنێ ئێوە خەریکی قاچاخچین بۆ بەرپرسان، دەشڵێت "ناوی ھەموو ئەو کۆمپانیاو شەخسانەش دەدەم کە ئێوە ڕێگای قاچاخیان بۆ دەکەنەوە".

"ھیوادارم ھاوسەرۆکانی یەکێتی و جێگری سەرۆکی حکومەت بە ئارکی سەرشانی خۆیان ھەڵبستن و ڕێگا لەم قاچاخیە ڕێکخراوە بگرن، ھەموو کەس دەزانێت قاچاخچیەکان کێن و بەناوی کێیەوە دەیکەن و ھێزە ئەمنیەکانیش کە ھاوکارو ئاسانکارن لە ژێر دەسەڵاتی کێدان." عەلی حەمە ساڵح".

لە کۆتاییدا دەڵێت "بە دڵنیایی قاچاخی و کۆمپانیاکاری و گەندەڵی سەرجەم خاڵە سنوریەکان بەھاکەی ١٧٠ ملیۆن دۆلارەو ھۆکاری سەرەکی گرفتی موچەیە، ئەم داھاتە بگەڕێتەوە خەزێنەی دەوڵەت لێبڕین نامێنێت".

پێشتریش بەشی ( ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان) ی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ لە روونکردنەوەیەکدا کە بەناوی " خۆڵ مەکەنە چاوی خەڵکی". 
بڵاویان کرۆدتەوە: 


۱- ماوەی (۳) هەفتە زیاترە بەڕێز سەرپەرشتیاری دەروازەی باشماخ هیچ کۆبونەوەیەکی لەگەڵ ئەنجومەنی بارهەڵگرەکان نەکردووە.


۲- ڕۆژی سێ شەمە شۆفێرێک بەناوی (شەماڵ محمود احمد فتاح) ئەنجومەنی بارهەڵگرە فلاتەکان پەیوەندی بە (لیوا مەریوان)ەوە کردووە و پێ ی ڕاگەیاندووە کەوا قسەم لەگەڵ بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ/ئێران (فەرید حەق پەنا) کردووە کەدەڵێ تەنها تانکەرە بەنزینەکان دەنێرینە دیوی هەرێمی کوردستان ، لەوەڵامدا سەرپەرشتیاری دەروازە بە کاک شەماڵی ووتووە ئاگاداری ئەوبڕیارەی لایەنی ئێران نیم و وەڵامتان دەدەمەوە.


۳-سەرپەرشتیاری مەرز پەیوەندی کردووە بە بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ/ ئێران و وتویەتی (۱۷۰۰) تانکەر سووتەمەنی وەستاون و لەبەر بارودۆخی سەلامەتی ڕۆژی چوارشەمە بارهەڵگری هەرێم وەرناگرین بۆئەوەی تەنکەری سوتەمەنی یەکان لەخاکی ئێراندا نەمێنێ و ڕەوانەی هەرێمی کوردستانی دەکەین بە ئاگاداری سەر کونسوڵی ئێران لە سلێمانی.


٤-لەسەر داواکاری بەڕێوەبەری گومرگ/ ئێران بەڕێز فەرید حەق پەنا ئەو کارە کراوە.


٥-سکاڵای یاسایی لەسەر علی حمەساڵح تۆماردەکەین لەدادگای پێنجوێن لەسەر ئەو بوختانە شاخدارەی بۆ سەرپەرشتیاری مەرزی باشماخی کردووە".


دروستبوونی کێشەکە سەرەتا ئەو دەمە سەری هەڵدا کە عەلی حەمەساڵح، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردەوە" خاڵە سنوریەکان ناوەندێکی گەورەی قاچاخی و گەندەڵی و فێڵکردنن، زیاتر لە ساڵێکە بە وردی کارم لەسەر سەرجەم خاڵە سنوریەکان کردوە".


تووبووشی " یەکێک لە ڕێگاکانی گەندەڵی؛ کاری ژمارەیەک کۆمپانیایە، بە قۆرخکاری و بەناڕوا مانگانە دەیان ملیۆن دۆلار وردەگرن لە ھاوڵاتیان، کۆمپانیا ھەیە مانگی سێ ملیۆن دۆلار و ھەیە پێنج ملیۆن و ھەیە زیاترو ھەشە کەمتر". 


عەلی حەمە ساڵح ئەوەشی خستبووەڕوو، بڕیارە لە نزیکترین کاتدا ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری کۆتایی لە چارەنوسی ئەم کۆمپانیایانە بدات، پێویستە بڕیارەکە دادپەروەرانە بێت و ئێمەش چاودێری دەکەین.

 


PM:11:00:21/10/2020