یوسف محەمەد: ئازادییە گشتییەکان لە هەرێمی کوردستان لەبەردەم هەڕەشەی جدیدان

سه‌رۆكى فراكسیۆنى گۆڕان له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق لە نوسینێکیدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئازادییە گشتییەکان لە هەرێمی کوردستان لەبەردەم هەڕەشەی جدیدان. دەشڵێت" ئەرکی هەموانە فشار بکەین بۆ بەرگرتن لەمە و وەستاندنی پێشێلکارییەکان بۆسەر ماف و ئازادییە گشتی و تایبەتییەکان".

 

د.یوسف محەمەد سادق سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لە هەژماری فەرمی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە نوسینێکدا بەناونیشانی (ئازادییە گشتییەکان لە هەرێمی کوردستان لەبەردەم هەڕەشەی جدیدان"، ڕایگەیاند" لە ماوەی رابردودا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی لە هەولێر و دهۆک، چەندین چالاکوانی مەدەنی و مامۆستا و ڕۆژنامەنوس کەوتونەتە بەر هێرش و ڕفاندن و گرتن و بێسەروشوێن کردن. هەندێکیان لە لایەن هێزی دەمامکدار و تۆقێنەر بە بەرچاوی خێزان و منداڵ و کەسوکاریان بەشێوەیەکی نامرۆڤانە دەستگیر دەکرێن و، دواتریش بێسەروشوێن دەکرێن. مامۆستا بەدەل بەرواری بڕیاری بێتاوانیی لە دادگا دەرچوە، بەڵام بەدەر لە یاسا ئازاد ناکرێ. شێروان شێروانی، گوهدار زێباری، شڤان بەرۆشكی، ئەیاز نهێلی‌و هاریوان كۆچەر رفێندراون و روبەروی دادگاش نەکراونەتەوە و کەسوکاریان زانیارییان لەسەر ژیانیان نییە. تاوانی ئەمانە تەنها داواکردنی مافە سەرەتاییەکانیانە".

 

یوسف محەمەد لە نوسینەکەیدا باسی لەوەشکردووە، هەموو ئەم رەفتارانە پێشێلکردنی گەورەی چەندین ماف و ئازادیی چەسپاوی دەستورن. لەوانە مادەکانی 17/ دوەم؛ 19/ سێیەم، چوارەم، شەشەم؛ 12/ أ؛ 13؛ 37/ أ، ب، ج؛ 38 و مادەی 40، هاوتەریب بەم پێشیلکارییانە پێشنیازە یاسایەک لە لایەن فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ئامادە کراوە بۆ سزادانی هەر کەسێک کە «بێڕێزی» بەرامبەر بە «رابەر» و سەرکردەکان بکات بە سزایەک کە دەگاتە حەوت ساڵ زیندانی. 

 

لەبەشێکی تری پەیامەکەیدا سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق دەڵێت" هەموو ئەمانە لە کاتێکدایە کە کەسێکی وەک مەسرور بارزانی بە باکگراوندێکی ئەمنیی حیزبی لە لوتکەی هەڕەمی دەسەڵاتی هەرێمدایە. هەمو ئەمانەش ئەگەری هێنانە کایەی دەسەڵاتێکی پۆلیسی لە هەرێمی کوردستان لەهەر کاتێکی تر بەهێز کردوە".

 

لە كۆتایی نوسینەکەیدا وتیشی" ئەرکی هەموانە فشار بکەین بۆ بەرگرتن لەمە و وەستاندنی پێشێلکارییەکان بۆسەر ماف و ئازادییە گشتی و تایبەتییەکان". 



PM:08:51:25/10/2020