فەرماندەیەكی پێشمەرگە: مەترسیی داعش زۆر زیادی کردووە و بۆ یەكەم جار گەیشتۆتە چەند ناوچەیەکى کوردستان

چەند ڕۆژێکە جووڵەی چەکدارانی داعش لە زۆر ناوچەی کوردستان بەدی دەکرێت و فەرماندەیەکی پێشمەرگەش دەڵێت" مەترسیی داعش زۆر زیادی کردووە و بۆ جاری یەکەمە داعش دەگاتە ھەندێ ناوچەی کوردستانی لە سنووری کەرکووک".

 

عەقید ھێمن ساڵح، فەرماندەی لیوای دووی پیادە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند" ھۆکاری زیادبوونی جووڵەی چەکدارانی داعش بۆ ناکۆکیی نێوان ھێزە شیعەکان دەگەڕێتەوە، چونکە ڕەوشی ئەمنی و سیاسیی عێراق ئاڵۆزە و کاریگەریی کردووەتە سەر ھێزە ئەمنی و سەربازییەکان، واتە ھێزە عێراقییەکان ئەوەندە خەریکی ململانێی یەکترن ناپەرژێنە سەر کۆنتڕۆڵکردنی ڕەوشی ئەمنی".

 

فەرماندەکەی پێشمەرگە وتیشی" داعش سوودی لەو ناکۆکییەی ھێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق بینیوە و چەند ڕۆژێکە جووڵەیان لە زۆربەی ناوچەکان زیادی کردووە، بۆ نموونە پێشتر لە پشتی کانی دۆمەڵانەوە بۆ ناوچەکانی دبس و حەویجە جووڵەیان ھەبوو، ئێستا داعش پەڕیونەتەوە ناوچەکانی دیکەی کوردستان، وەک ناوچەی شوان".

 

عەقید ھێمن ساڵح جەختی کردەوە، مەترسیی داعش زۆر زیادی کردووە، بە شێوەیەک کە ھەندێ ناوچەی کوردستان کە پێشتر نە ڕێکخراوی تیرۆریستیی قاعیدە و نە داعش دەستیان پێی نەگەیشتبوو ئێستا چەکدارانی داعش لە جادەی سەرەکیی کەرکووک – ھەولێر دەپەڕنەوە بۆ ناوچەکانی کوردستان و کردەوەی تیرۆریستی بەڕێوە دەبەن، ئەوەش مەترسییەکی ئێکجار گەورەیە.



PM:11:08:25/10/2020