ئۆپۆزسیۆن بەبێ ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتیش نەیتوانی پرسی سەندنەوەی متمانە بخاتە دەنگدانەوە

لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستاندا کە بابەتێکی بۆ پرساندن و سەندنەوەی متمانەبوو لە سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی لەسەر کەمکردنەوەی مووچەی مووچەخۆران، ئۆپۆزسیۆن شکستی خوارد لە خستنەدەنگدانی پرسی کشاندنەوەی متمانە لە حکومەت، هەرچی لیستەکانی پارتی و یەکێتی و گۆڕانە نەیانهێشت پرسەکە بخرێتە دەنگدانەوە.

لە دانیشتەنەکەدا کە بە بەهانەی ئەوەی سەرۆکی حوکمەت و جێگرەکەی و وەزیری دارایی ئامادەی کۆبوونەوەکە نەبوون، ئەمەش لەلایەن لیستی یەکگرتووی ئیسلامیەوە بە نایاسایی ناوزەد کرا، لە سەرەتای باسکردنی ئەو پرسەدا لە پەرلەمان بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کرد.

 

شێرکۆ جەودەت سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە دوای کۆبوونەوەکەوە بەرۆژنامەنووسانی راگەیاند" نه‌هاتنی سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگره‌كه‌ی بۆ پرساندن له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، نایاساییه‌ ".

 

هەرچی کۆمەڵی ئیسلامییە عەبدولستار مەجید سەرۆکی فراکسیۆنەکەیان پرۆژەی پرساندنەکەی لە پەرلەماندا خوێندەوە، دوای خوێندنەوەی وەڵامەکەی سەرۆکی حکومەت، رایگەیاند "  ئەو وەڵامانە سەرۆکی حکومەت بۆ ئێمە موقنیعکەر نەبووە و داوا دەکەین متمانە لە سەرۆکی حکومەت وەربگیرێتەوە".

 

لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان بەهۆی دەمەقاڵێی نێوان سەرۆکی پەرلەمان و پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ و لیستەکانی ترەوە، پەخشی راستەوخۆ راگیرا.

 

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ کە لەکاتی قسەکردنی پەرلەمانتارێکی لیستەکەیاندا مۆبایل دەردەکات وێنەی دەگرێت، دواتر سەرۆکی پەرلەمان ئاگاداری دەکاتەوە کە وێنە نەگرێت، دوو کەسی نامۆ بە پەرلەمان دەچنە هۆڵی پەرلەمانەوە هەوڵی لێسەندنی مۆبایلەکە لە د. کازم فاروق دەدەن. 

 

دوای کۆبوونەوەکەی پەرلەمان کە ئۆپۆزسیۆن تیایدا سەرکەوتوو نەبوو سەندنەوەی متمانە بخاتە دەنگدانەوە، د. کازم فاروق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا رایگەیاند" حکومەت جورئەتی ئەوەی نییە بێتە پەرلەمانی کوردستان".

 

پارتی و گۆڕان و یەکێتی کە داکۆکیان لە حکومەت کردو وەلآمەکەی سەرۆکی حوکمەتیان پەسەندکرد، سەرۆکی هەرسێ فراکسیۆنەکە، بەجیا وەلآمەکانی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی و ئاواتی شێخ جەنابیان پەسەند کردو رێگایان نەدا لێسەندنەوەی متمانە لەم کابینەیە بخرێتە دەنگدانەوە.

 



PM:05:26:27/10/2020