خێزانێکى کورد لەئاوەکانى نێوان فەرەنسا و بەریتانیا خنکان

بەهۆی نوقمبوونی بەلەمێک لە ئاوەکانی نێوان فەڕانسا و بریتانیا پێنج ئەندامی بنەماڵەیەکی کوردی خەڵکی سەردەشت کە بە نیازی چوون بۆ بریتانیا بوون، خنکاون و تەرمی یەکێکیان نەدۆزراوەتەوە.

 

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردووەتەوە، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی١٠ی٢٠٢٠، لە ئاوەکانی مانش لەنێوان فەڕەنسا و بەریتانیا بەلەمێک بە ٢٧ سەرنشینەوە ژێرئاو کەوتووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی رووداوەکەوە پێنج ئەندامی بنەماڵەیەکی خەڵکی گوندی ”گوڵێن“ی شاری سەردەشت لە پارێزگای ورمێ، گیانیان لەدەستداوە.

هەنگاو ناسنامەی ئەو کەسانەی کە گیانیان لە دەستداوە، بەم شێوەیە بڵاوکردووەتەوە:

- ڕەسوڵ ئێران نژاد تەمەن ٣٥ ساڵ

- شیوا محەمەدپەناهی تەمەن ٣٥ ساڵ

- ئانیتا  ئێران نژاد تەمەن ٩ ساڵ

- ئارمین  ئێران نژاد تەمەن ٦ ساڵ

- ئارتین  ئێران نژاد تەمەن ١٥ مانگ

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو راشیگەیاندووە" تەرمی چوار کەسی ئەو بنەماڵەیە لەلایەن تیمەکانی پشکێنەرەوە دۆزراونەتەوە، بەڵام هەتا ئێستا تەرمی ئارتینی ١٥ مانگە، نەدۆزراوەتەوە". 



PM:06:52:28/10/2020