وەزارەتی دارایی عێراق لە بارەی دواکەوتنی مووچەوە راگەیاندنێکی بڵاوکردەوە

وەزارەتی دارایی عێراق هۆكاری دواكەوتنی موچەی مانگی تشرینی یەكەمی مووچەخۆرانی عێراقی ڕاگەیاند.

لە ڕاگەیەنراوێكیدا وەزارەتی دارایی ئاماژە  بۆ ئەوە دەکات، هەفتەی ڕابردوو لێدوانی زۆر سەبارەت بە دواكەوتنی موچە و هۆكارەكانی دراوە، وەزارەتی دارایش چەندین جار جەختی كردووەتەوە داهاتی ئێستای حكومەت بە هۆی دابەزینی بەهای نەوت و بڕیارەكانی ئۆپیك سەبارەت بە كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەم، بەشی خەرجییەكانی حكومەت ناكات.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، " داهاتی نەوت تەنها لەسەدا پەنجای خەرجیەكانی حكومەت دابین دەكات و پێشبینیش دەكرێت ڕەوشەكە درێژە بكێشێت".

دەربارەی یاسای قەرزكردنیش وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاندووە " لیژنەی دارایی داوای لە ئەنجومەنی نوێنەران كردووە ڕێگە بە قەرزكردنی بڕی ٤١ ترلیۆن دینار بدات بۆ پڕكردنەوەی ئەو كورتهێنانەی لە تەمویلكردنی موچە و شایستە داراییەكان و پڕۆژەكانی وەبەرهێنانی ساڵانی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ دروستبووە و لە ئەگەری پەسەندكردنیدا زۆرێك لەو كێشانە چارەسەر دەبن".

 


PM:03:55:31/10/2020