تەنها یەک ڕۆژ ماوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەپێی نوێترین ڕاپرسی ڕێژەی دەنگەکانی بایدن پێش ترەمپ کەوتووە.
بە گوێرەی ڕاپرسییەک کە ڕۆژنامەی ۆوڵ ستریت جۆڕناڵ و تۆڕی هەواڵی (NBC )ی ئەمریکا ئەنجامیانداوە، ئاماژە بەوە دەکات، جۆ بایدن کاندیدی دیموکراتەکان بەڕێژەی ٥% و بەرەو ژوورتر لە پێش دۆناڵد ترەمپەوەیە، کە ٢٧٢ نوێنەری مسۆگەر کردووە، لە کاتێکدا بۆ بردنەوە تەنها پێویستی بە ٢٧٠ نوێنەرە.
لەبەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئێستای ئەمریکا و کاندیدی کۆمارییەکان بەردەوام ئەو زانیارییانە رەتدەکاتەوە و بەهەڵەیان لە قەڵەمدەدات، جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە هەمان ئەنجامی هەلبژاردنەکانی ٢٠١٦ بەدستدەهێنێتەوە و ئەنجامی ئەو راپرسییانە بەدرۆدەخاتەوە.
بڕيارە سبەینێ سێشەممە ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠، هەڵبژاردنی سەرۆکايەتی لە ئەمريکا بەڕێوەبچێت و نزيکەی ١٥٠ مليۆن کەس مافی دەنگدانيان هەيە لەو وڵاتە و تا ئێستاش زياتر لە نيوەی دەنگدەران دەنگيانداوە، تیایدا هەریەک لە دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکانە و جۆ بایدنیش کاندیدی دیموکراتەکانە و تائێستا بەپێی راپرسییە نیشتیمانییەکان، جۆ بایدن لەپێشەوەیە و ئەگەری سەرکەوتنی زیاترە و کێبڕکێ لەسەر ٤٦ هەمین سەرۆکی ئەمریکا دەکەن.