حزبی شیوعی كوردستان: گرژییه‌كانی نێوان په‌كه‌كه‌ و پارتی جێگه‌ی نیگه‌رانییه‌

لە به‌یاننامه‌كه‌یدا حزبی شیوعیی كوردستان جه‌ختده‌كاته‌وه‌ له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان به‌ گفتوگۆ و مه‌حكومكردنی شه‌ڕی براكوژی، له‌ خاڵێكی دیكه‌شدا داوا ده‌كات رێز له‌ تایبه‌تمه‌ندیی دۆخی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان بگیرێت.

 

مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا  سەبارەت بە بارگژی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و پەکەکە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو ھەواڵ و بارگرژییانەی کە لەم رۆژانەدا نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و پەکەکە لە ئارادایە، جێگای نیگەرانییە و حزبی شیوعی کوردستان لە چوارچیوەی ئەم پرنسیپانەی خوارەوە دەڕوانێتە ئەم ڕەوشە:

 

١ـ جەختکردنەوە لەسەر چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان لە ڕێگای گفتوگۆ و لەیەکتر تێگەیشتن و مەحکومکردنی شەڕی براکوژی، و مێژوو سەلماندویەتی کە ھەر پێکدادانێک نێوان لایەنەکانی بزوتنەوەکەمان بە بەرژەوەندی دوژمنان و داگیرکەرانی گەلی کوردستان لە ھەر چوار پارچەکەیدا تەواو دەبێت.

 

٢ـ رێزگرتن و ڕەچاوگرتنی تایبەتمەندی ڕەوشی سیاسی ھەر بەشێکی کوردستان و ئاستی پەرەسەندن تیایدا و رێزگرتن لە بریاری لایەنەکانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان لە ھەر پارچەیەکی کوردستان ،لە دەستنیشانکردنی شێواز و ستراتیژی تێکۆشان و دروشمەکانی.

 

٣ـ دەستێوەرنەدانی ھیچ لایەنیک و ھیچ بەشیکی کوردستان لەکاروباری ناوخۆیی بەشێکی دیکە و رێز گرتن لە بریاری سیاسی تیایدا بە جۆرێک سەربەخۆیی بریاری سیاسی ھەر بەشێک پارێزراو بێت.

 

٤ـ پێویستە پەیوەندی دەرەکی ھەر لایەنێک لە گەڵ حکومەتە ناوەندییەکانی ناوچەکە کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە لە سەر حسابی بەرژەوەندی و ئاسایش و سەقامگیری سیاسی بەشیکی دیکە نەبێت.

 

٥ـ ھەر ناکۆکی و بارگرژییەکی لەم بابەتە لە سنوری ھەرێمی کوردستاندا، گرنگە دوور لە کاردانەوە و ھەڵوێستی حزبی تاک لایەنانە، ھەڵوێستێکی یەکگرتووی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەبێت کە بتوانێ چاوگەکانی بارگرژی بکوژێنێتەوە و ڕەوشی سیاسی ھێمن بکاتەوە و سەقامگیری سیاسی لە ھەرێمی کوردستاندا مسۆگەر بکات.



PM:07:44:06/11/2020