" سپی " زانیاری لەسەر ئەو هەوڵە سیاسیانە بڵاودەکاتەوە کە دەیانەوێت بەر لەشەڕی پارتی و پەکەکە بگرن

ناکۆکی و بارگرژی پارتی و پەکەکە گەیشتۆتە ئاستێکی مەترسیدار و ئەگەر تەقینەوەی شەڕی ناوخۆی لێدەکرێت، لەگەڵ هەوڵی رۆشنبیران و فشارەکان لە سۆشیال میدیا بۆ بەرگرتن لە روودانی ئەو شەڕە، ماوەی هەفتەیەکە لەلایەن یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە هەوڵێک لە ئارادایە بۆ روونەدانی ئەو شەڕە.

 


بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتووە هەریەک لە بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی و، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە هەوڵدان بۆ روونەدانی ئەو شەڕەو، لەسەر ئاستی بەرز لەگەڵ بەرپرسانی پارتی کۆبوونەتەوەو، پەیوەندیەکانیشیان لەگەڵ بەرپرسانی پەکەکە درێژەی هەیە بۆ بەرگرتن لە روودانی ئەو شەڕە.

 

 
" سپی " زانیوویەتی کە یەکێتی لەو کۆبوونەوانەدا لەگەڵ پارتی، بە ئاشکرا پێیان راگەیاندوون کە ئەوان لە ئەگەری روودانی ئەو شەڕە، بەشداری شەڕ ناکەن و بێلایەن دەبن، هەروەها لە هەوڵدان لەگەڵ پارتی و بەرپرسانی باڵای پەکەکە کە شەڕەکە روونەدات.

 


لەلایەکی ترەوە، مەحمود سەنگاوی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە" بەفەرمیی بە پارتیمان وتووە كە ئێمە بەشداریی شەڕی پەكەكە ناكەین".

 


ئەو بەرپرسە سەربازییەی یەکێتی، دەشڵێت " ئێمە بەشداریی شەڕ ناكەین و هەوڵدەدەین دەستی خێربین نەك دەستی شەڕ، پەیامیشمان بە پارتی گەیاندووە كە ئێمە لەگەڵ شەڕ نین".

 

 
ئەو بەپرسەی یەکێتی داوا لە مەسعود بارزنی سەرۆکی پارتی دەکات کە ڕێگای دانووستان بگرێتە بەر بۆ ئەوەی شەڕ نەبێت، لەگەڵ پەكەكە دا دابنیشێت و ئەو كێشانەی كە هەیە بە دیالۆگ چارەسەری بكات نەك شەڕ.

 


باگرژی نێوان پەکەکە و پارتی دەگەڕێتەوە بۆ مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٠ کاتێک هێزێکی وەزارەتی پێشمەرگە لە زینی وەرتێ سەر بەناحیەی سەرکەپکانی رانیە جێگیر دەکرێت و ئەمەش دەبێتە مایەی ناڕەزای پەکەکە و یەکێتی، دواتریش رۆژی ١٥ ی نیسان فڕۆکەکانی تورکیا رەبیەیەکی پەکەکە لەو ناوچەیە کە لەنێوان هێزەکانی وەزارەتی پێشمەرگەو هێزەکانی یەکێتیدا بووە دەکەنە ئامانج و، فەرماندەیەکێ گەریلاو چەند گەریلایەکی تر دەبنە قوربانی و پەکەکە پارتی بەچاوساغی ئەو بۆردومانە بۆ تورکیا تۆمەتبار دەکات.

 

 
ئەو بارگرژیانە بەدرێژانی ئەو ماوەیەی رابردوو بەردەوام بووە، تا گەیشتە ئەو حاڵەتەی موراد قەرەیڵان رۆژی ٢٦ ی تشرینی یەکەم لە پەیامێکدا لەبارەی جوڵانی هێزەوە لەناوچەی ئامێدی داوا لە مەسعود بارزانی بکات هەڵوێستی خۆی لەسەر جوڵاندنی ئەو هێزە رابگەیەنێت، دواتریش مەسعود بارزانی راگەیاندنێکی بڵاوکردەوەو وتی " نابێت هەڵوێستی تەحریم کردنی شەڕی براکوژیمان بە هەڵە لێک بدرێتەوە و ئیستغلال بكرێت بۆ ئەوەی تەحەدای دەستەڵاتی یاسایی هەرێمی کوردستان بکرێت و هەوڵی سەپاندنی ئیرادەیەكی چەكدارانەی نایاسایی بە سەر خەلکی کوردستان بدرێت. نابێ هەڵوێستی حەرامكردنی شەڕی كورد و كورد بەوە لێكبدرێتەوە كە سەقامگیری و ئاساییشی شار و شارۆچکە و دێهاتەکانمان تێک بدرێت و هاووڵاتیانمان ناچار بکرێن ماڵ و شوێنەکانیان بە جێ بێڵن و ببنە قوربانی و بە ناحەق شەهید بکرێن و كەسیش دەنگ نەكات". 

 

 
دواتر هەپەگە بەرپرسیارێتی تەقاندنەوەی بۆری نەوتی هەرێم لەناو خاکی باکوری کوردستان لە شاری مێردین لە رۆژی  ٢٨ ی تشرینی یەكەم راگەیاند. هەفتەی رابردووش رۆژی چوارشەممە ٤ی تشرین دووەم بۆمبێكی چێندراوی پەكەكە لەناوچەی چەمانكێ بە هەمەرێکی پێشمەرگەدا تەقییەوەو پێشمەرگەیەک بوو بە قوربانی و دوو پێشمەگەی تریش بریندار بوون، بەمەش بارگرژی تەواو باڵی بەسەر پەیوەندی ئەو دوو لایەنەدا کێشاوەو مەترسی تەقینەوەی گەورەی لێدەکرێت. 

 


PM:12:53:07/11/2020