خانەوادەیەکی دوو شەهید یەکێتی نیشتمانی کوردستان هێرش دەکاتە سەر دارایی یەکێتی و دەڵێت " ئەندامی دارایی یەکێتی هەبووە کە هاوکار و گوێڕایەڵی بەعس بووە".
لە نووسینێکدا بەختیار شێخ عوسمان کە خاوەنی دوو شەهیدی یەکێتی یە، دەڵێت "ساڵی ۲٠٠۳ ، کە ڕژێمی سەدام ڕووخا و تاوانبارنی جینۆسایدی کورد ناچاربوون بگەڕێنەوە بۆ هەرێم، ئێمە وەک خانەوادەی شەهیدان، هەڵمەتێکمان دەستپێکرد بۆ بە داگایی گەیاندنی ژمارەیەک لەو تاوانبارانە و چەند تاوانبارێکیان ناچار بوون هەرێم بەجێبهێڵن) بە هاوکاری هەندێک لە دەسەڵاتدارانی هەرێم ).
لەو نووسینەدا کە لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردۆتەوە " هەر ئەم هەڵمەتە ڕیشی ئەوانەیشی گرتەوە کە لە سەردەمی ڕژێمدا هاوکار و گوێڕایەڵی بەعس بوون بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی و دوای ڕاپەڕین خۆیان خزاندبووە ناو ڕیزەکانی یەکێتی و پارتی یەوە".
ناوبراو زانیاری وردتر بڵاودەکاتەوەو دەڵێت " یەکێک لەوانە ئەندامی دارایی یەکێتی بوو، بۆیە سەرۆکی ئەو دەزگایەی یەکێتی و سەرۆکی حکومەتی ۲٠٠۳ کە یەکێتی بوو، کەوتنە هەوڵی خۆیان بۆ قوتارکردنی ئەو کەسەی کە لەسەر داوای ئێمە و ژمارەیەک خانەوادەی شەهیدان ڕووبەڕووی دادگا کرایەوە، بە سەرێک فشاریان خستە سەر دادگا و دادوەرەکان کە کەیسەکە دابخەن و، بەسەرێکی تر ئیغرای چەند ماڵە شەهیدێکیان کرد کە بە پارە و پێدانی زەوی واز لە سکاڵاکانیان بهێنن، دواجار هەردوو هەوڵەکەیان سەریگرتوو، ئێمە بووینە خاوەنی کەیسێکی دۆڕاوو، خائینەکان بوون بە قارەمان" .
بەختیاری شێخ عوسمان ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە لە ئێستادا کە لەناو ئەو دەزگایەی یەکێتی دا، گرتن و لێپرسینەوە لە گەندەڵی دەستیپێکردووە، خەڵکانێکی تیایە کە رابردوویان پاک نەبووە".