ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەی خۆی ئاشکرا دەکات

ئیسماعیل نامق ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان کە ماوەیەکە وازی لە گۆڕان هێناوە، دەڵێت" پێیانوتین: دەبێت بە ئەمری واقع رازی بن و بێدەنگ بن، ئەگەرنا دەتوانن بەجێی بھێڵن!".


لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئیسماعیل نامق ئەندامی پێشووی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان کە بەناونیشانی " تەنها تەنھا بۆ بەرچاو روونی" نووسیوویەتی " رۆژانەو لەڕێگەی جۆراو جۆرەوە، بەموناسەبە وبێ موناسەبە، پرسیاری ئەوەم لێدەکرێت، ئایا لەناو گۆڕاندا ماوم؟ ھەروەھا ھەندێک جار، لەسەر نوسین و قسەی من، رەخنە لەگۆڕان دەگیرێت، یان بەپێچەوانەوە، بەھۆی سیاسەتی گۆڕانەوە، جنێو بەمن دەدرێت، لەوەڵامی ھەموو ئەو خۆشەویستانەدا دەڵێم: من پاش راپەڕاندنی ئەرکەکانم، لە بانگەشەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان لەساڵی ٢٠١٨، ھەروەھا پاش ئەوەی لەگەڵ ژمارەیەک ھەڵسوڕاو، بەپلە و ناونیشانی جیاواز چەندین پرۆژە و پێشنیازی باشمان پێشکەشکرد، بۆ ھەستانەوە و خزمەتکردنی گۆڕان. دەیان کۆبونەوەمان لەگەڵ خانە و جڤاتەکان و خەڵکانی دڵسۆز و کاریگەری ناو بزوتنەوەکە ئەنجامدا، کەچی سەرەنجام بە تەخوینکردنی خۆمان کۆتایی ھات". 

 


ناوبراو دەشڵێت " بە ئاشکراش لە راگەیاندنەکانەوە پێیانوتین: دەبێت بە ئەمری واقع رازی بن و بێدەنگ بن، ئەگەرنا دەتوانن بەجێی بھێڵن!! منیش لە دوای نائومێد بون لە ٥/ ٧/ ٢٠١٩ دەست لەکارکێشانەوەم پێشکەشکرد، وتیان نابێ بڕۆی چونکە ھەڵبژاردنی خولی دووەمی خانەمان لەپێشە و دواتر چاکسازیی ئەکرێت، بەڵام کە بینیم ھەڵبژاردنی خانە لە ١٤/ ٩/ ٢٠١٩ چۆن کراو و ئەنجامەکەی چی بوو، راستەوخۆ دوای راگەیاندنی ئەنجامەکان بە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانیم راگەیاند ئەمە دوا رۆژی دەوامکردنی من بوو".


لە کۆتاییدا دەشڵێت " بەنامەش لەگروپی جڤات ئەمەم پێوتن و خودا حافیزیم لێکردن. ئیتر لەو بەروارەوە من کەسێکی سەربەخۆم و نەقسە و ھەڵسوکەوتی من لەسەر گۆڕان حساب دەکرێت، نە منیش بەرپرسیارم لەھەمبەر سیاسەتی گۆڕان باش بێت یان خراپ". 

 


PM:11:37:12/11/2020