١٠ ئەندام پەرلەمانتاری کورد کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم بەزەرور نازانن‌و بایکۆتی دەکەن

بڕیارە سبەی یەک شەممە سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم لەسەر تێپەڕاندنی یاسای قەرز کۆبوونەوەیەک بە ئامادەبوونی نوێنەرانی کورد لە بەغدا سازبکات، ١٠ ئەندامی پەرلەمانی کورد لەبەغدا ئەو کۆبوونەوەیە بە زەرور نازانن.

 
لە راگەیاندراوێکدا بۆ رای گشتی کە دانەیەکی بۆ " سپی " نێردراوە تیایدا هاتووە" ئێمە ئەم پەرلەمانتارانەی لەخوارەوە ناومان هاتووە، رایگشتی ئاگادار دەکەینەوە کە گرێدانی کۆبونەوەی سەرۆکایەتییەکانی هەرێم و نوێنەرانی کورد بەپێویست نازانین".

 
هەروەها دەڵێن" حکومەتی عێراق و هەرێم بەرپرسیاری یەکەمی ئەم دۆخە هەڵدەگرن. پرسی موچە و نەوت رونەو پێویستی بە کۆبونەوەی نمایشکارانە نیە. هێشتا دەرفەت ماوە و حکومەتی هەرێم دەتوانێت وەفد بنێرێتە بەغدا و هەرچی زووە رێکەوتنێکی نوێ و گشتگیر و شەفاف و كۆنکرێتی لەگەڵ بەغدا واژۆ بکەن لەسەر بنەمای دەستور نەک عیلاقاتی شەخسی و حزبی و سەفەقاتی ژێر بە ژێر".

 
لەو راگەیاندنەدا کە پەرلەمانتارانی دەرەوەی هەردوو لیستی یەکێتی و پارتی واژوویان کردووە دەشڵێن" دەسەڵاتدارانی هەرێم ئەم کۆبونەوانەیان زیاتر وەك نمایشێکی سیاسی دەوێت، تا لەو رێیەوە شەرعیەت بدەن بە سیاسەتە شکستخواردوەکانیان. ئێمەش ئامادەنین بەشێك بین لەو سیاسەتە".


بۆرای گشتی..

 

ئێمە ئەم پەرلەمانتارانەی لەخوارەوە ناومان هاتووە، رایگشتی ئاگادار دەکەینەوە کە گرێدانی کۆبونەوەی سەرۆکایەتییەکانی هەرێم و نوێنەرانی کورد بەپێویست نازانین. لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە:



یەک: حکومەتی عێراق و هەرێم بەرپرسیاری یەکەمی ئەم دۆخە هەڵدەگرن. پرسی موچە و نەوت رونەو پێویستی بە کۆبونەوەی نمایشکارانە نیە. هێشتا دەرفەت ماوە و حکومەتی هەرێم دەتوانێت وەفد بنێرێتە بەغدا و هەرچی زووە رێکەوتنێکی نوێ و گشتگیر و شەفاف و كۆنکرێتی لەگەڵ بەغدا واژۆ بکەن لەسەر بنەمای دەستور نەک عیلاقاتی شەخسی و حزبی و سەفەقاتی ژێر بە ژێر.


دوو: دەسەڵاتدارانی هەرێم ئەم کۆبونەوانەیان زیاتر وەك نمایشێکی سیاسی دەوێت، تا لەو رێیەوە شەرعیەت بدەن بە سیاسەتە شکستخواردوەکانیان. ئێمەش ئامادەنین بەشێك بین لەو سیاسەتە.


سێ: خەڵکی کوردستان چاوەڕێی هیچ لەمجۆرە کۆبونەوانە ناکەن و باشترە حکومەتی هەرێم سەرقاڵی دابینکردنی موچەی فەرمانبەران بێت.


چوار: تا ئەم ساتە هیچ چاکسازییەکی راستەقینە نیه و قاچاخچێتی و دزینی سامان و داهاتەکان بەردەوامە و سەرباری ئەوەش دەیان چالاکوان و رۆژنامەنوس لە زیندانەکانی هەولێرو دهۆك و ناوچەکانیتردان، بەبیانوی نایاسایی و دەزگا ئەمنیەکانیش سەرقاڵی دروستکردنی تۆمەتی بێ بنەمان بۆیان.


دەیان هۆکاریتریش هەن کە وامان لێدەکات بەشداری ئەمجۆرە کۆبونەوە بێ بەرهەمانە نەکەین.


۱. احمد حاجی رشید
۲. رێبوار کریم محمود
۳. کاوە محەمەد
٤. سەرکەوت شەمسەدین
٥. سروە ونس
٦. یوسرا رەجەب
۷. غالب محمد علی
۸. بەهار محمود فتاح
۹. هۆشیار عەبدوڵا
۱٠ موسەننا ئەمین

 


AM:09:29:14/11/2020