سه‌رۆكایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان لهپهیامێكدا به‌بۆنه‌ی یادی ٢٣٥ ساڵه‌ی دامه‌زرادنی شاری سلێمانی رایدەگەیەنێت" به‌ڵێن ده‌ده‌ین كه ڕێگە نه‌دەین سلێمانی بکرێتە قوربانیی ململانێ و پێخوستی نائارامییه سیاسییەکان، نه‌هێڵین بكه‌وێته پاشكۆی ڕووداوه‌كان و رێنه‌ده‌ین لەمە زیاتر و به مه‌به‌ست فەرامۆش و پشتگوێ بخرێت".
سه‌رۆكایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ساڵڕۆژی دامه‌زراندنی شاری سلێمانیدا راگه‌یه‌نراوێكى بڵاودکردەوهو دەڵێت" ئه‌مڕۆ ئێمه له‌سه‌رۆكایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، به دید و روئیایه‌كی راسته‌قینه و نوێوه له‌سلێمانی ده‌ڕوانین".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوە، به‌ڵێن ده‌ده‌ین كه ڕێگه نه‌ده‌ین سلێمانی بكرێته قوربانیی ململانێ و پێخوستی نائارامییه سیاسییه‌كان، نه‌هێڵین بكه‌وێته پاشكۆی ڕوداوه‌كان و رێنه‌ده‌ین له‌مه زیاتر و به مه‌به‌ست فه‌رامۆش و پشتگوێ بخرێت.
ده‌قی راگهیهنراوهكه:
وا ئه‌مڕۆ سلێمانی 236 ساڵه و، له‌و ڕۆژه تا ئێستا هه‌میشه پێشه‌نگ بووه. له روداوه كۆمه‌ڵایه‌تی، مێژوویی، سیاسی، رووناكبیری و ئه‌ده‌بییه‌كاندا ره‌چه‌شكێن بووه. داینه‌مۆ بووه بۆ چاكسازی و گۆڕانكاری و نوێكردنه‌وه له‌هه‌موو كایه‌كانی ژیاندا، و له‌به‌رده‌م هه‌ر ته‌وژمێكی ناڕه‌سه‌ندا، خۆڕاگر، و بۆ هه‌ر نوێكردنه‌وه‌یه‌ك، ده‌سپێشخه‌ر و پشتیوان بووه. سلێمانی مه‌ڵبه‌ندێكی سه‌ره‌كیی كوردپه‌روه‌ری و په‌ناگه‌ی ده‌نگی ئازاده و هه‌رگیز ده‌سه‌ڵاتی تاكڕه‌ویی قبوڵ نه‌كردووه.
سلێمانی، خانه‌خوێیه‌كی میهره‌بانه بۆ ھه‌موو پارت و پێكھاته و ئاینزاكان. شاری پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كتر قبوڵكردن و ئازادیی راده‌ربڕینه. شاری خۆڕاگری و به‌ره‌نگاری بووه له به‌رده‌م په‌تی سێداره. داهێنه‌ربووه له سه‌رپێخستنی خه‌بات و جووڵانه‌وه‌ی سیاسی و، وره و وزه‌به‌خشی شۆڕش و به‌رده‌وامییه. سلێمانی، ئازا و ئازاده. زیندوێتی و یاخیبوون وه‌ك دوو تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌م شاره، زاده‌ی ھهڵكهوتنی ده‌یان رووناكبیر و تێكۆشه‌ر و كه‌سایه‌تی به‌رجه‌سته و سه‌ركرده‌ن له‌بواره جیاكانی ژیاندا، كه جێده‌ستیان لهبهرهوپێشبردن و زیندووێتی ئه‌م شاره و دیرۆكی كوردستاندا دیاره و، بۆ رۆژگاری خۆیان و ئێستاش، بوونه‌ته رێنیشانده‌ر و ئاڵاھه‌ڵگری ئاینده‌یه‌كی روون.
ئه‌مڕۆ ئێمه له‌سه‌رۆكایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، به دید و روئیایه‌كی راسته‌قینه و نوێوه له سلێمانی ده‌ڕوانین. وه‌ك چۆن دامێنی كوێستانه‌كانی كوردستان، مه‌ڵبه‌ندی خۆڕسكی ژیان و گه‌شه‌ی دره‌خته ره‌سه‌ن و یاخییهكانه، سلێمانییش بۆ یه‌كێتی، خاكی به‌پیتی ژیان و گه‌شه و نوێبونهوهیهتی. ره‌گی قووڵی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، له گۆڕستانی شه‌هیدانی ئه‌مشاره و بست به بستی كوردستاندا چۆته خوارێ، و ره‌شه‌بای هه‌ر شۆڕشێكی نیشتمانی و كوردستانی، رابه‌رایه‌تی ده‌كا.
بۆ یه‌كێتی، سلێمانی، شاری ھه‌ڵمه‌ت و قوربانی، دایك و ھه‌ستانه‌وه و ھه‌ڵگیرساندنی شۆڕش و به‌رده‌وامیی خه‌باتمانه. ئه‌مه‌ش وا ده‌كا ئه‌رك و به‌رپرسیارێتیمان زیاتر بێ به‌رامبه‌ری و، له‌ئاست گه‌وره‌یی و مه‌زنیی سلێمانی، خزمه‌تكاری راسته‌قینه بین. ھه‌موو هه‌وڵێكمان بۆ پاراستنی شكۆ و پێشه‌نگیی و زیندووھێشتنه‌وه‌ی بێ. له‌ھه‌موو رووه‌كانه‌وه، ئاوه‌دانیی و گه‌شه‌پێدانی سلێمانی، به ئه‌ركی خۆمان بزانین و له‌ئاست گه‌وره‌یی و شكۆمه‌ندی خه‌ڵكی سلێمانی و ته‌واوی كوردستان به‌ڵێن بده‌ین كه یه‌كێتیی نوێ، یه‌كێتیی خزمه‌ت و، یه‌كێتیی حكومدارییهكی باشتر و ئاوه‌دانتر و شایسته‌تر بێت.
ئه‌مڕۆ و له‌م رۆژه مێژووییه‌دا، ئێمه له سه‌رۆكایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ڵێن ئه‌ده‌ین كه رێگه نه‌ده‌ین سلێمانی بكرێته قوربانیی ململانێ و پێخوستی نائارامییه سیاسییه‌كان، نه‌هێڵین بكه‌وێته پاشكۆی روداوه‌كان و، رێنه‌ده‌ین له‌مه‌زیاتر و به مه‌به‌ست فه‌رامۆش و پشتگوێ بخرێت.
پیرۆز بێ یادی بنیادنانی شاره حه‌یاته‌كه
دڵنیا بن یه‌كێتی له‌ئاست مه‌زنیی سلێمانی، به‌رپرسیار و به‌ئه‌مه‌كه
سه‌رۆكایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان
14-11-2020