لەتیف مستەفا: ھیچ سەردەمێک ھێندەی حوکمڕانی یەکێتی بەتایبەتی ئەم ١٧ ساڵە سوکایەتی بە سلێمانی نەکراوە

پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان لەساڵیادی سلێمانی دا رایدەگەیەنێت " ھیچ سەردەمێک ھێندەی حوکمڕانی یەکێتی بەتایبەتی ئەم ١٧ ساڵەی دوایی سوکایەتی و بێڕێزی بە پارێزگای سلیمانی نەکراوە".


لە نووسینێکدا بەناوی " نمەک سوێری نمەک سوێری یان باجی ھەڵەی خۆی" یاساناس لەتیف مستەفا لە تۆڕی کۆمەڵاێەتی فەیسبووک نووسیوویەتی" 
ھیچ شارێک ھێندەی سلێمانی بەدڵ و بەگیان دوای یەکێتی و سەرۆکەکەی نەکەوت و قوربانی و گیانفیدایی بۆ نەداوە، بەڵام بە مێژوی دروست بوونی سلێمانی ھیچ سەردەمێک ھێندەی حوکمڕانی یەکێتی بەتایبەتی ئەم ١٧ ساڵەی دوایی سوکایەتی و بێڕێزی بە پارێزگای سلیمانی نەکراوە".


ئەو لە درێژەی نووسینەکەیدا دەشڵێت " هیچ سەردەمێک موڵک و ماڵی دەستی بەسەر نەگیراو تاڵان نەکرا و شوناس و دیمۆگرافیای نەگۆڕاو بێ خزمەت نەکراو ڕۆڵەکانی شاربەدەر نەکران. "

 
لەتیف مستەفا سەرسوڕمانی خۆی لە مامەڵەی یەکێتی دەردەبڕێت و دەشڵێت "زۆر سەیرە لە جیاتی پاداشت زۆر بێ بەزەییانە تێی کەوتون تۆڵەی لێ دەکەنەوە،
دیارە خەتای خۆشی تێدایە، چونکە لە ھەر سەردەمێکدا بەباوەڕبوونی ڕەھاوە متمانە و چارەنوسی خۆی کوێرانە دەداتە دەست ئەو حیزب و سەرکردەی دوای دەکەوێ".

 
لە کۆتایی نووسینەکەیدا ئەو یاساناسە کە ئێستا کەسایەتتییەکی سەربەخۆیە دەڵێت "دڵنیام ئەمانیش دەڕۆن و سلێمانی ھەر بەسەرکەشی دەمێنێتەوە، بەڵام گرنگ ئەوەیە سود لەو ئەزمونە ببینێ و لە داھاتوو چیدی ڕێگا نەدات خزمەتکارەکانی ببنە گەورەی".

 


PM:03:29:15/11/2020