دوای کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم لەسەر یاسای قەرز، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند " ئەوەی روویدا بۆ ئێمە موفاجەئەیەکی گەورەبوو".
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم دەربارەی زمانی یاساکە و چۆنیتی تێپەڕاندنی لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، رایگەیاند شێوەی دەربڕینی زمانی ئەو یاسایە، شێوەی سزادانە و بە نیگەرانییەوە دەڕوانینە ئەو پێشهاتە".
نێچیرڤان بارزانی، ئەو هەنگاوەی لە پەرلەمانی عێراق نرا بە شکستی بۆ لایەنە عێراقییەکان لە بەڕێوەبردنی عێراق ناوزەد کرد.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێی وایە، ئەو یاسایەی تێپەڕێندراوە، دژی حیزبی سیاسی نییە، بەڵکو "رێک دژی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانە". وتیشی، هێزە سیاسییەکانی عێراق گەورەترین زەربەیان لە ئاشتی و پێکەوەژیان دا بەو کارەیان.
لەبارەی دابینکردنی مووچەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کاری لەپێشینەی ئەوان دابینکردنی مووچەیە و سوپاسی خۆڕاگریی مووچەخۆران و خەڵکی کوردستانیشی کرد. وتیشی "دەبێت بەغدا بەزووترین کات بیر لە چارەسەرکردنی ئەو بابەتە بکاتەوە".
لەبارەی رێککەوتنی 50 ساڵەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا و رۆزنەفت و کاریگەریی لەسەر رێکنەکەوتنی هەولێر و بەغدا، نێچیرڤان بارزانی ئاشکرا کرد رێککەوتنی 50 ساڵەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا و رۆزنەفت هیچ پەیوەندی بە رێکنەکەوتنی بەغدا و هەولێرەوە نییە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە، هەرێمی کوردستان بە هەموو جۆرێک ئامادەیە لەسەر هەموو کێشەکان لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ و رێککەوتن بکات. کاتی ئەوەش هاتووە بەغدا شێوازی مامەڵەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بگۆڕێت.