حکومەتی هەرێم کاتی ‌هێنانەوەی تەرمی فرسەت سۆفی بۆ هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات

حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت" سبەینێ پێنجشەممە تەرمی فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر دەگەڕێندرێتەوە هەرێم". 

 

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەبۆنەی کۆچی دوایی (د. فرسەت سۆفی)، پارێزگاری ھەولێر، حكومەتی هەرێمی كوردستان پرسە و سەرەخۆشی لە خانەوادە و كەسوكاری خوالێخۆشبوو و تەواوی خەڵكی کوردستان بەگشتی و پارێزگای ھەولێر بە تایبەتی دەكات. 

ئاماژە بەوەشکراوە" . فرسەت سۆفی وەک مرۆڤێكی سادە و نیشتمان پەروەر لەو ماوەیەی کە پۆستی پارێزگاری هەولێری وەرگرتبوو، بە بەردەوامی و شەونخوونی كاری دەكرد و لەم ماوە کەمەشدا دەست و پەنجەی لە هەموو بوارە ئیداری و خزمەتگوزارییەكانی ئەم پارێزگایەدا دیارە، داواکارین لە پەروەردگاری مەزن ئارامی بە خانەوادە و کەسوکاری ببەخشێت و رۆحی کۆچکردووش بە بەهەشتی بەرین شاد بكات".

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەشهاتووە" سبەی پێنجشەممە 19ی تشرینی دووەمی 2020 بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی پەرلەمان، جێگری سەرۆکی حکومەت، وەزیر و پەرلەمانتار و لایەنە سیاسییەکان، مەراسیمی هێنانەوەی تەرمی خوالێخۆشبوو لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بەڕێوەدەچێت و لە شاری هەولێر بە خاک دەسپێردرێت".

 

رۆژی 19-10-2020، بەڕێوەبەری نووسینگەی پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، دوای ئەنجامدانی پشکنین دەرکەوت کە فرسەت سۆفی تووشی کۆرۆنا بووە، دواتر بەهۆی خراپیی دۆخی تەندروستی بەرەو دەرەوەی وڵات بەڕێکرا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممەش گیانیلەدەستدا.

 



PM:02:28:18/11/2020