بەرپرسێکی کورد کاتی دەستپێکردنی دابەشکردنی مووچەی هەرێم ئاشکرا دەکات



جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنن " حکومەتی عێراق پابەندبونی خۆی بە رەوانەکردنی ٣٢٠ ملیار دینارەکەی پشکی هەرێم دوپاتکردوەتەوە، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت لە هەفتەی داهاتودا پارەکە رەوانەی هەرێم بکرێت و دابەشکردنی موچە دەستپێبکات".


بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاندووە " ئەمڕۆ نامەیەکی فەرمی لەبارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئاڕاستەی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردوە، لەنامەکەدا "داوام لە کازمی کردوە موچەی مانگی ١٠ خەرجبکات چونکە موچەی ئەو مانگە پەیوەندی بە یاسای قەرزەوە نییە و یاسای قەرز لە ١٢ـی مانگی ١١ دا دەرچووە، بۆیە پێویست دەکات لە وادەی خۆیدا موچەی مانگی ١٠ رەوانەبکرێت و دواتر کە شاندی دانوستانکاری هەرێم هاتە بەغدا و ئەو کات قسە دەکەن لەسەر ئەو بنەمایە دواتر پشکی هەرێم بەرێژەیەکی جیاوازتر بنێرە".


ئاماژەی بەوەشکرد، "کازمی خۆی خواستی ئەوەی هەیە موچەی فەرمانبەران رەوانە بکات، بەڵام ئەو فشاری لەسەرە و بۆیە ئەو نوسراوەم کرد تا ببێتە بەڵگەیەکی یاسایی لە پەرلەمانی عێراقەوە بۆ حکومەت کە رەوانەکردنی موچەی مانگی ١٠ پەیوەندی بە یاسای قەرزەوە نییە".


جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پەیوەست بە وادەی رەوانەکردنی موچەش ئەوەی خستەڕو، "هاوشێوەی مانگەکانی پێشوتر پشکی هەرێمی کوردستان دوای تەواوبونی موچەی مانگانە لە عێراق رەوانەدەکرێت و ئەویش لە یەک دو رۆژی داهاتودا تەواودەبێت، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت لەم رۆژانەدا پشکی هەرێم رەوانەبکرێت ئەگەر ئەو فشارەی لەسەر کازمییە زۆر نەبێت و رێگری لێ نەکرێت، ئەگەر نا بڕیاری ناردنی پشکی هەرێم هیچ گرفتێکی یاسایی نییە.

 
١٢ـی ئەم مانگە پەرلەمانی عێراق بەزۆرینەی دەنگ و بەبێ ئامادەبونی فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەنگیدا لەسەر پڕۆژەیاسای قەرز بەمەبەستی پڕکردنەوەی کورتهێنان و دابینکردنی موچەی فەرمانبەران، لەبەرامبەردا پشکی هەرێم بەسترایەوە بە رادەستکردنی نەوت و داهاتی ناوخۆوە و بەپێچەوانەوە هەرێم پشکی لەو قەرزەدا پێنادرێت.

 


PM:09:33:18/11/2020