"بەهۆی ناکۆکی نێوان بەرپرسانی تەندروستی خەریکن نەخۆشی سارسیش بەسەر سلێمانی ساغ دەکەنەوە"

دوای ئەوەی کەمێک پێش ئێستا وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی بڵاوبنەوەی ڤایرۆسی سارس لەشاری سلێمانی ڕوونکردنەوەیەکی بۆ ڕایگشتی بڵاوکردەوە، لەوبارەیەوە شوان محەمەد سەرنوسەری ماڵپەڕی (سپی میدیا) دەڵێت" بەهۆی ناکۆکی نێوان بەرپرسانی تەندروستی سلێمانی خەریکن نەخۆشی سارسیش بەسەر سلێمانی ساخ دەکەنەوە". 

 

شوان محمەد سەرنووسەری (سپی) لە نوسینێکیدا بە ناونیشانی (خەڵک لەسایەی ئێوەدا  نەک سارس تووشی شێرپەنجەش دەبێت..!) ڕایگەیاند" سلێمانی بە ناکۆکیە حیزبیەکانی نێو یەکێتی و، نێوان یەکێتی و حیزبەکانی تر کەم وێران بووە.. ئینجا سەرەی ناکۆکی و ململانێکانی بواری تەندروستییە کە لەنێوان کوڕە مەسول و کادیرانی حیزبی ئەو بوارەدا لە ئارادایە".

 

لەبەشێکی تری نوسینەکەیدا شوان محەمەد باسی لەوەشکردووە، بەدیاریکراوی لەنێوان نەخۆشخانەی شۆڕش و بەرێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی.. لە سایەی ئەم ململانێ ناشەریفەدا مژدەدەن بە خەڵکی سلێمانی کە ڤایرۆسی سارسیش بڵاوبۆتەوە.

 

لەکۆتایی پەیامەکەیدا سەرنووسەری (سپی) دەڵێت" کارەساتەکە ئەوەیە لە سلێمانی لەناو ئەو ھەموو پزیشکە بە ئەزمون و قەدیرەدا یەکێتی کەس نابینێت کادریری حیزب و کورە مەسول نەبێت لەم زروفە حەساسەدا پۆستیان باتێ..!".

 

ئەمڕۆ لە ڕوونکردنەوەیەکدا د. ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند" بە پێویستی دەزانین بۆ بەرچاوی هاوڵاتیان روونبكەینەوە تا ئێستا هیچ سەرچاوەیەک و بەڵگەیەکی پەسندکراو نیە بۆ بوونی ئەم ڤایرۆسە، چونکە پڕۆسەی پشکنینی تاقیگە بۆ چەندین جۆری ڤایرۆس ئەنجام دەدرێت و چەندین جۆری ڤایرۆسی سارس هەیە کە لەگەڵ جۆرەکانی ڤایرۆسی کۆۆنا و ڤایرۆسەکانی ئەنفلەوەنزا لە هەمان خێزان ئەژمار دەکرێت". 

دەشڵێت" هاوڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە کە پێویست بە شڵەژان ناکات و تیمی پسپۆڕی وەزارەتمان لەگەڵ تیمەکانی تەندروستی، بەدواداچوونی زیاتر بۆ لێکۆڵینەوە لەم گومانە دەکات و تەنها وەزارەتی تەندروستی تاکە سەرچاوەی فەرمی راگەیاندن دەبێت".



PM:03:44:20/11/2020