وەزیری تەندروستی: تووشبوون بە کۆرۆنا بەشێوەیەکی بەرچاو لە هەرێم دابەزیووە


هەرچەندە گیان لە دەستدان بە کۆرۆنا بەشێوەیەکی بەرچاو لە هەرێمی کوردستان بەرزە، وەزیری تەنروستی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە تووشبوون بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیووە.


سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی هەرێمی كوردستان دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی تەندروستی پەرلەمانی كوردستان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند " پێشتر ئەوانەی پشكنینی كۆرۆنایان بۆ دەكرا 17.8%یان ئەنجامی پشكنینەكانیان پۆزەتیڤ بووە لەكاتێكدا نابێت 5% زیاتر بیت، بەڵام ئێستا ژمارەی توشبوان بەراورد بە 31ی مانگی رابردوو 53% كەمیكردوە". 


وەزیری تەندروستی هەرێم لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی " لەئێستادا لەهەرێم تاڕادەیەكی باش ئاماری توشبوانی كۆرۆنا بەرەو كەمبونەتەوە دەڕوات و ئومێدەوارن بەتەواوی كۆنترۆڵ بكرێت. هەفتەی رابردوو بەراورد بە هەفتەی رابردووتر ژمارەی توشبوان بەكۆرۆنا 32% كەمیكردوە، لەكاتێكدا رۆژی 31ی 10ی ئەمساڵ لەهەرێم ژمارەی توشبوان گەیشتوەتە لوتكەو زۆرترین حاڵەتی تووشبون تۆماركراوە، بەڵام ئیستا بەراورد بەوكاتە 53% كەمیكردوە".


وەزیری تەندروستی هەرێم ئەوەشی رونكردەوە كە لەشەش مانگی رابردوودا 99.6%ی حاڵەتەكان تۆماركراوەو 2.8%ی توشبوانیش لەپزیشكان و كارمەندانی تەندروستی و میلاكی وەزارەتی تەندروستی بوون و ژمارەیەكیشیان گیانیان لەدەستداوە.


بەوتەی وەزیری تەندروستی، بەپێی ستانداردی تەندروستی جیهانی دەبێت رۆژانە 2500 پشكنین بكرێت، بەڵام زیاتر لە 6 هەزار پشكنین لەهەرێم كراوە، وتیشی: پێشتر ئەوانەی پشكنینی كۆرۆنایان بۆ دەكرا 17.8%یان ئەنجامی پشكنینەكانیان پۆزەتیڤ بووە، لەكاتێكدا نابێت 5% زیاتر بێت، بەڵام ئێستا رێژەی توشبون بوەتە 9.8%.


لەبارەی دەنگۆی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی سارس لەهەرێم رایگەیاند:ئەوەی بڵاوكراوەتەوە هەڵە بووەو لەهەرێم ڤایرۆسی ساری بوونی نیەو نەخۆشیەكە نەماوە.


دەربارەی پرۆسەی خوێندنیش، وتی: هەرچەندە ژمارەی توشبوان كەمبوەتەوە، بەڵام مەترسیەكە هێشتا ماوە، بۆیە بەداخستنی خوێندنگەكان ژمارەی توشبوان كەمبوەتەوە، سەرەتای مانگی داهاتوو راپۆرتێكی نوێ بۆ دەستپێكردنەوەی خوێندن ئامادە دەكەین و بڕیار دەدەین خوێندنگەكان بكرێنەوە یان بەداخراوی بمێننەوە.
 


PM:07:06:23/11/2020