چوار پەرلەمانتار لەبارەی کێشەی مووچەوە راگەیاندنێک بڵاودەکەنەوە

چوار پەرلەمانتاری كورد لە بەغداد بۆ کۆتایی هێنان بە کێشەی موچە و شایستە داراییەکانی تری بانگهێشتی حکومەتی هەرێم دەکەن بۆ هەنگاوی بەپەلە و كرداری بنێت و پشتگیری گفتوگۆی نێوان هەرێم و بەغدا دەکەن.

 
لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا، چوار ئەندامی كوردی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کە ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٥ ی تشرینی دووەم بڵاویان کردەوە پشتیوانی لە ڕێکەوتنی دەستوری و یاسایی نێوان هەردوو حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین.

 
هەروەها لە راگەیاندنەکەدا هاتووە " لە پێناوی کۆتایی هێنان بە کێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و شایستە داراییەکانی تری هەرێم لە نێویاندا پێشمەرگە و جوتیاران و تێکرای شایستە دارییەکانی تر، بانگهێشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ هەنگاونانی بە پەلە و کرداری بە شێوەیەکی شەفاف و ڕون لەگەڵ حکومەتی عێراق و دەزگا پەیوەندیدارەکانی و پابەندبوون بەو دەقە دەستوری و یاساییانەی کە وا دەکات پشکی سێ مانگی کۆتایی ساڵی 2020 و پشکی هەرێم لە یاسای موازەنەی ساڵی 2021 بکاتە دەرفەتی ئاسایی بونەوەی موچە و بودجە و ژیانی هاوڵاتیانی هەرێم”.

 
پەرلەمانتاران کە پێکهاتوون لە (ئەحمەد حاجی رەشید، جەمال کۆچەر، شیروان میرزا، هۆشیار عەبدوڵا) دەڵێن، "بەوپەڕی ڕاشکاوییەوە ڕایدەگەیەنین ئیدی کاتیەتی و کاری جدیش بۆ ئەوە دەکەین کە داهاتی نەوت و داهاتەکانی تری هەرێمی کوردستان تەنها لە خزمەتی هاونیشتیمانیاندا بەکاربهێنرێن.




PM:02:08:25/11/2020