پەرلەمانی کوردستان: ئێستا هەموارێکی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیمان پێویستە

لیژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەتان لە پەرلەمانی کوردستان لە بەیاننامەیەكدا بۆ ڕۆژی جیهانی نه‌هێشتنی توندتیژی دژی ئافره‌تان بڵاویکردەوە" بەداخەوە لەم ساڵەدا وەکو ساڵەکانی دیکە، چەند کەیسێکی نوێی کوشتنی ئافرەتان چوونە ناو داتاکانمانەوە، بۆیە ئێستا هەموارێکی ورد و درشتی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیمان پێویستە، تا بتوانین لە ڕووی یاساییەوە ڕێکارە نوێکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دیاری بکەین".

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

 

بەیاننامەیەک لە لیژنەی داکۆکی کردن لەمافی ئافرەتانەوه

 

بەداخەوە لەم ساڵەدا وەکو ساڵەکانی دیکە، چەند کەیسێکی نوێی کوشتنی ئافرەتان چوونە ناو داتاکانمانەوە، کە دووبارە دووپاتی کردەوە لامان کە کارکردنی پێکەوەیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی توندوتیژی لەهەرێمی کوردستان/عیراق چەند گرنگە، پەرلەمانی کوردستان،و حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ڕێکخراوەکانی تایبەتمەند بە کارکردن لەگەڵ کەیسە جیاوازەکانی ئافرەتان و لەنێوانیشیاندا کەیسەکانی توندوتیژی، بەهاوکاری دادگاکان بتوانین ڕووبەڕووی ئەو دیاردەیە ببینەوە.

 

بێگومان لەدوای هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، گۆڕانکاری گەورە لە جیهانداڕوویدا، بەتایبەت لە شێوازی وەرگرتنی داتاکاندا، بۆیە دەبێت پێکەوە بیر لە ڕێگەچارەی نوێ و شێوازی نوێ بکەینەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی. هەرچەندە لەساڵانی ڕابردوودا، چەند یاسایەکی نوێ و هەمواری گرنک بۆ یاسا بەرکارەکان لەو بڕگە و مادانەدا کەپەیوەندیدارن بە مافەکانی ئافرەتانەوە لەهەرێمی کوردستان دەرکراون، بەڵام ئێستا هەموارێکی ورد و درشتی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیمان پێویستە، تا بتوانین لە ڕووی یاساییەوە ڕێکارە نوێکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دیاری بکەین.

 

لەکۆتایدا، وەک لیژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەتان ئیدانەی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی دەکەین کە ئافرەتانی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی دەبنەوە.

 

لێژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەتان لە پەرلەمانی کوردستان



PM:07:50:25/11/2020