پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا، عالیە نوسەیف رایگەیاند" ئێوە بەزیادە گفتوگۆ لەگەڵ هەرێم دەکەن، ئەوانە نەوتەکەیان بۆ ٥٠ ساڵ بە تورکیا فرۆشتووە".
لە راگەیەندراوێکدا کە میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردۆتەوە، عالیە نوسەیف، ئەندامی پەرلەمان لە فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند، "قەیران و کێشە ئابورییەکانی هەرێم حەوت ساڵ لەمەوپێش دەستی پێکردووە و لە سێ ساڵی ڕابردوودا گەیشتووەتە لوتکە کاتێک موچەی فەرمانبەران بۆ چەند مانگێک دواکەوت."
ئەو زانیاری زیاتر بڵاودەکاتەوەو دەڵێت " حزبی دەسەڵاتدار لە هەرێم حەوت ساڵ لەمەوپێش گرێبەستی لەگەڵ تورکیا کردووە و سەرجەم پارەکەش ڕادەستی بنەماڵی دەسەڵاتدار دەکرێت، لەبەر ئەوەش، هیچ نەوتێک نییە بۆ فرۆشتن تەنها ئەوانە نەبێت کە بە تەنکەر دەگوازرێنەوە."
نوسەیف بێ بایەخی گفتوگۆ لەگەڵ هەرێم ئاشکرا دەکات و دەڵێت " ڕۆشتنی شاندی دانوستانکاری حکومەتی فیدڕاڵ، یان هاتنی شاندی هەرێم بۆ بەغدا، سوودی چییە؟ لە کاتێکدا نەوتی هەرێم حەوت ساڵ لەمەوپێش فرۆشراوە؟ ئایا حکومەتی ئێمە تا ئەو ڕادەیە بێ ئاگایە؟! یاخود ئاگای لە ورد و درشتی بابەتەکان هەیە و دانوستانی شانۆییە " .
عالیە نوسەیف جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پێویستە حکومەتی عێراق ڕاستی ئەو بابەتە بۆ گەلی عێراق ئاشکرا بکات و کۆتایی بە گفتوگۆکانی لەگەڵ هەرێم بهێنێت.
هەفتەی پێشوو، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم بۆ یەکەمجار باسی گرێبەتی ٥٠ ساڵە لەگەڵ تورکیا کرد، بێ ئەوەی بچێتە وردەکارییەکەیەوە.