لە راگەیەندراوێکدا شەش پەرلەمانتاری کوردستان بە لەبەرچاوگرتنی مووچەی مووچەخۆران، داوا دەکەن هەرچی زووترە وەفدی حکومەت هەرێم بۆ دانوستان سەردانی بەغدا بکات.
لەو راگەیەندراوەدا کە هەریەک لە عەلی حەمە ساڵح و ئاشنا عەبدوڵا و شایان کاکە ساڵح و جەلال محەمەد و شیرین ئەمین و دابان محەمەد و
عەلی حەمە ساڵح واژوویان کردووە، دەڵێن" وەک هەموان دەزانین بە هۆی چەندین هۆکار و هەڵەی رابردو و ئێستای حوکمڕانی هەرێم، کوردستان لەناو قەیرانێکی گەورەدایە، ژیانی موچەخۆران و ھاوڵاتیان لە دۆخێکی خراپی بژێویدایە".
هەروەها دەڵێن " ئێمە وەک شەش پەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستان، داوا دەکەین کە پێویستە بە زوترین کات وەفدی حکومەتی ھەرێم بەپەلە بچێتە بەغدا، لەبەرامبەر دابینکردنی موچە و بودجەدا، ئامادەیی ڕادەستکردنی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل و نیوەی داھاتە فیدراڵیەکان بێت."
ئەوان جەختیش دەکەنەوە لەسەر ئەوەی پێویستە چاکسازی خێرا لە دۆسیەی نەوت و خاڵە سنوریەکان و باجدا بکرێت، بێ دواخستن و خۆدزینەوەی زیاتر.
ئەو شەش پەرلەمانتارە هۆشداری دەدەن کە ئەوان وەک ئەرکی سەرشانیان بە رایگشتی رادەگەیەنن، ئەگەر ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی نەکرێت و ئەو گەندەڵیەی لە دۆسیەی نەوت و خاڵی سنوریدا ھەیە بەردەوام بێت، ھەرێمی کوردستان تووشی قەیرانێکی لەوەی ئێستا گەورە تر دەبێتەوە، و بەرپرسیاری سەرەکیش حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پێکهێنەرەکانیی ئەم کابینەیەن.