وێنە.. تەرمی شەڕڤانە خۆبەخشەکەی کۆبانێ لە رانیە بەخاک سپێردرا

‌وێنەکان: باوان چاوڕەش

ئەمڕۆ یەک شەممە ٢٩ی تشرینی دووەم تەرمی شەڕڤانە خۆبەخشەکەی کوبانێ بڵێسە عومەر کە لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید کوژرا، هێنرایەوە باشووری کوردستان و لە شوێنی لەدایکبوونی لە رانییە بەخاک سپێردرا.




لە نێو ئاپۆڕای جەماوەرێکی زۆری خەڵکی رانییەو نوێنەرانی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم و نوێنەری لایەنە سیاسیەکان، بە پارتی و یەکێتی و لایەنەکانی تریشەوە لە گۆڕستانی رانییە تەرمی بڵێسە عومەر بەخاک سپێردرا.

 


شەوی ١٦ ی تشرینی دووەم لە ڕووداوێکی نادیاردا گەنجێکی کوردی خەڵکی قەزای رانیە کە لەشەڕی هێرشی چەکدارانی داعش بۆ سەر کوبانێ وەک شەڕڤانێکی خۆبەخش بەشداری کرد، لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید  بەکوژراوی لەهۆتێلێکدا دۆزرایەوە.

 


کووشتنی ئەو گەنجە لەلای کوردانی سوید و وڵاتانی دەرەوەو کوردانی باشوور و  رۆژئاواو پارچەکانی تر بووە مایەی نیگەرانی، هەرچەندە پۆلیسی سوید هیچ زانیارییەکی لەبارەی لایەنی ئەنجامدەری تاوانەکەوە بڵاونەکردۆتەوە، بەڵام کوردان پەنجەی تاوان بۆ دەزگا سیخوڕیەکانی تورکیا رادەکێشن.

 


PM:04:06:29/11/2020