ڕۆژهەڵاتی کوردستان.. ژنێكی كورد لەلایەن براكانییەوە سەری بڕدرا و پارچە پارچەشیان كرد

ژنێکی تەمەن ٣١ ساڵی خەڵکی سنە بە پاساوی (نامووس)ەوە بە دەستی بنەماڵەکەی کوژرا.

بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی تشرینی دووەم ژنێکی لاو بە ناوی (سەرگوڵ حەبیبی) تەمەن ٣١ ساڵ، لە گوندی سوورازە کە لە چەند کیلۆمەتریی شاری سنە هەڵکەوتووە، بە پاساوی نامووسەوە بە شێوەیەکی بێبەزەیییانە سەری بڕدرا و پارچەپارچە کرا.

سەرگوڵ حەبیبی بە ڕەچەڵەک خەڵکی گوندی توارمەڵای سەر بە شارۆچکەی کەلاتەرزان و دانیشتووی گەڕەکی (کەمەربەندیی ٢٥)ی شاری سنە و دایکی دوو مناڵی ساوا بووە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم ئافرەتە ماوەیەک لەمەوبەر، بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ لاوێک لە لایەن هێزەکانی پۆلیسی گەڕەکەکەوە دەستگیر کرابوو بەڵام هەردووکیان پاش ڕۆژێک ئازاد کرابوون.

ڕێکخراوەکە باسی لەوەشکردووە، تەرمی سەرگوڵ حەبیبی ڕۆژی دووشەممە لە گۆڕستان محەمەدیی شاری سنە و لە بێدەنگیی تەواوی ڕاگەیاندنەکان و بە بێ بە ڕێوەچوونی هیچ ڕێوڕەسمێکی پرسە و سەرەخۆشی بە خاک سپێردرا.

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، تا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، هیچکام لە براکانی ئەم ژنە ڕووبەڕووی هیچ بەدواداچوون و سزایەکی یاسایی نەبوونەتەوە. 

بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠وە تا ئێستا، لانی کەم چوار ژن بە بیانووی نامووسەوە لە کوردستان بە دەستی بنەماڵە و کەسانی نزیکی خۆیان کوژراون.


AM:09:42:01/12/2020